وەزارەتی کشتوکاڵ: جووتیاران دەتوانن بە قیستی درێژخایەن کەرستەی کشتوکاڵی بکڕن

09-11-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن بەرهەمی کشتوکاڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان کردووە، لەوانەش دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023، د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک رایگەیاند، ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو چوار ملیار دینار بۆ دابینکردنی قڕکەر و دەرمان بۆ جووتیاران تەرخان دەکرێت.
 
د. زێدا محەممەد گوتی، ''وەک ئاسانکاری بۆ جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاگاداریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای هاروون گروپ واژۆ کردووە.''
 
سەردانەکەی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کاتێکدایە رۆژی 01-11-2023، ناونووسین بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران دەستیپێکردووە و بڕیارە 45 رۆژ بخایێنێت، دەشڵێت، ''ئامانجمان ئاگادارکردنەوەی زیاتری جووتیاران لە پڕۆسەکەیە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک هەبوو لە نزیکەوە ئاگاداری بین.''
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوو، ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێت رووبەرەکە زیاتریش بێت.
 
ئەم ساڵ بەهۆی وەرنەگرتنی بەشێک لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە دهۆک، سلێمانی، هەولێر و چەندین شارۆچکەی سنوورەکە گردبوونەوە کرا، بەڵام لە کۆتاییدا بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە (قەیوان-خۆشناو) کێشەکە تا رادەیەک چارەسەرکرا، د. زێد محەممەد جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر حکومەتی عێراق بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران نەیەتە سەر هێڵ، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین سایلۆی بۆ کۆگاکردنی گەنم لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دابینکردووە، بۆ ئەوەی بتوانین ئاسایشی خۆراکی خۆمان دەستەبەر بکەین.''
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن گەنمی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی پارێزگای دهۆک بوو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە