ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: دەوام دەکەین و کاروباری رۆژانەی هاووڵاتییان بەڕێدەکەین

09-11-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "ئەنجوومەن هەڵنەوەشاوەتەوە و تەنیا کەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە، پێویستە دیوانی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ بڕیاری دادگەی فیدراڵی بکات و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکات'' بۆ ئەوەی ئەوانیش تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن و بڕیارێک بدەن. 
 
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2023 بە بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کەوتە بۆشایی یاساییەوە و تاوەکو ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-11-2023) چارەنووسی ئەنجوومەن یەکلایینەبووەتەوە و لە بۆشایی یاساییدایە و، ناتوانێت هیچ بڕیارێک یاخود نووسراوێکی فەرمی دەربکات. 
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ شتێکیان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەست نەگەیشتووە. دەشڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران، هەنگاوی دووەمە لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، چونکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیان لە دادگە هەبووە، بۆ پارێزگاریکردن لە یاساکە ئەوان بەرپرسن."
 
عەلی رەشید گوتی "بە پلەی یەکەم، ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە بڕیارێک بدات، کە ئێستا پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دیوانی پەرلەمان هەیە و دەبێت لە رێگەی یاساییەوە خوێندنەوە بۆ بڕیارەکە بکەن و رای خۆیان بە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕیاری خۆیان بدەن."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دادگەی فیدراڵیی عێراق، بڕیاری لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەداوە، تەنیا یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری لەقەڵەمداوە، کە پەیوەندیی بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنەکەیە، ئەوەش وایکرد ئەنجوومەنەکان بکەونە بۆشایی یاساییەوە.
 
عەلی رەشید گوتی، "ئەنجوومەن هاوشێوەی 23ـی 6ـی 2018ـیە کە تاوەکو مانگی 7ـی 2019 کەوتینە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام لە رێگەی پەیوەندییەکانمانەوە کاروباری هاووڵاتییان بەڕێدەکەین و هەموو ئەندامان دەوامی خۆشمان دەکەین، تەنیا نووسراوی فەرمی ناکەین و کۆنابینەوە."
 
جگە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، عەلی رەشید دەڵێت، "دوو رێگەی دیکە هەن ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پێ هەڵدەوەشێتەوە، یەکەم؛ دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاربدەن ئەنجوومەنەکە هەڵبووەشێتەوە کە ئێمە ئەوە ناکەین و دەزگایەکی شەرعین، پەرلەمان نەماوە و ئەوەش نەمێنێت ئەوە لە زەرەری هاووڵاتییانە، دووەم؛ دەبێت دوو لەسەر سێ ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاربدەن، کە ئەویش هەڵوەشاوەتەوە."
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی یەکشەممە (12-11-2023) کۆبوونەوەمان هەیە و ئەو بابەتەش دەخرێتە بەرنامەی کارەوە، تاوتوێی بڕیارەکە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین یاساییەکان چی بڕیارێک دەدەن، هەرچەندە ئەوە پێویستی بە بڕیارێکی تەشریعی هەیە."
 
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە نادەستووری لەقەڵەمدا؛ یاساکەش هەموواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـیە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت، ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت، کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا.
 
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، دەبووایە دوای چوار ساڵ لە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام نەتوانرا لەو کاتەدا بکرێت و بە بڕیارێكی پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنەکان درێژکرایەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە