عێراق دوو کەمپ بۆ 'پێشمەرگەکان'ـی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکات

09-11-2023
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن پێشمەرگەی رۆژهەڵات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دوو کەمپ یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەیان لە سلێمانی بۆ پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێن، بەڵام بەرپرسی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دروستکردنی کەمپەکانەوە پێنەدراوە.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی حکومیی راگەیاندووە "حکومەت پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکان لە رێگەی گفتوگۆوە. حکومەت ئەو کارەشی کردووە، دوای ئەوەی لیژنەی باڵا لەنێوان عێراق و ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەکدارانی ئێرانی سەر خاکی عێراق پێکهێندرا."
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد. یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، دوای 14 کۆبوونەوە لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و تاران، گەیشتینە رێککەوتن کە سەرجەم چەکدارەکان بە درێژایی سنوور لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ ناوچە دوورەکان بگوازینەوە و لە چەکیش دایانبماڵین." گوتیشی "ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی لە کەمپە فەرمییەکان دایانبنێین، کە لە ژێر سەرپەشتیی حکومەتی عێراقدا دەبن. دەستمان کردووە بە دروستکردنی کەمپەکەی هەولێر و کەمپی دووەمیش لە سلێمانی دەبێت."
 
عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە رووداوی گوت، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دروستکردنی ئەو دوو کەمپە پێنەدراوە.
 
ئازەربار گوتی "ئەوەی هەیە ئەوەیە؛ ئەو کەمپانەی ئێستا هەن، دەبنە کەمپی سیڤیلنیشن و هیچ جۆرە چالاکی و راهێنانی سەربازییان تێدا نابێت، کەمپەکانیش لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵدا نەکردووین."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیش، ئەندامەکەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گوتی، ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هەبوو، کە پێشمەرگە لە سنوورەکان دووربکەوێتەوە. جێبەجێ کراوە.  
 
عێراق و ئێران جگە لە دۆسیەی پێشمەرگەکانی رۆژ‌هەڵات، دۆسیەی ئاویش لەنێوانیاندا هەیە، کە تائێستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە. ئەعرەجی پێیوایە دۆسیەی ئەمنی دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو.
 
قاسم ئەعرەجی گوتی "چارەسەرەکە روونە، لە رێککەوتنی ساڵی 1975، پاشکۆی (ج)ـدا هاتووە، لەوێ دووپات لە چارەسەرکردنی دۆسیە ئاو کراوەتەوە، لایەنی ئێرانی داوای کاراکردنەوەی رێککەوتنەکەیان کردووە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی عێراقدایە."
 
بوونی چەکدارانی پەکەکە لەسەر خاکی باشووری کوردستان، یەکێکە لە تەوەری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا. بەرپرسانی عێراق چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئامادەن رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئێران - عێراق، لەگەڵ تورکیا بکەن.
 
قاسم ئەعرەجی سەبارەت بە دۆسیەی پەکەکە دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکەن و دانوستاندن لەسەر دۆسیەی ئەمنی بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە