هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە گوندێکی ئامەد ماڵی خێزانێکی کورد تەختی زەوی دەکەن

09-11-2023
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
خانووی خێزانێکی کورد لە گوندێکی ئامەد 10 مانگە تەختی زەوی کراوە
خانووی خێزانێکی کورد لە گوندێکی ئامەد 10 مانگە تەختی زەوی کراوە
نیشانەکردن ئامەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی رووباری ناوچەی چنار لە ئامەد، بە بیانووی ئەوەی گەنجێک کوژراوە و تەرمەکەی لەژێر خانوویێکدا شاردراوەتەوە، خانووی دوو نهۆمیی خێزانێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە خاپوور کرا.
 
دوای ئەوەی خانووەکە تەختی زەوی کرا و پشکنرا، دەرکەوت هیچ تەرمێک لەژێریدا نەبووە، بەڵام خاوەنی خانووەکە کە خێزانێکی پێنج کەسین و سیانیان منداڵن، کەوتنە سەر شەقام. خێزانە کوردەکە ئێستا سکاڵایان هەیە و داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە.
 
مەحسوون ئاکبۆگا خاوەنی خانووەکەیە کە بەرلە 10 مانگ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە خاپوور کرا، لەو رۆژەوە مەحسوون و هاوژینەکەی و سێ منداڵەکانیان بێ جێ ورێ ماونەتەوە.
 
مەحسوون لەبارەی دۆخیانەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "دۆخی دەروونیی منداڵەکانم تێکچووە، هەرکاتێک شۆڤڵ یان هێزی ئەمنی دەبینن، دەترسن و رادەکەن. من ئەو خانووەم بە زەحمەتییەکی زۆر دروست کردبوو."
 
لە درێژەی قسەکانیدا مەحسوون روونی دەکاتەوە چۆن بۆ دروستکردنی خانووەکەی، 15 دۆنم زەوی کە لە باوکییەوە بۆی مابووەوە، فرۆشتووە و خانووەکەی پێ دروستکردووە، دەڵێ "گوتم با ئەگەر مردیشم، منداڵەکانم پەرێشان نەبن، چونکە جێگەمان نەبوو، هەستام عەرزەکەم فرۆشت و پارەکەم لە خانووەکە دا، بەڵام خێرم لێ نەبینی، دەوڵەت هات و خانووەکەمیان تێکدا و چوو."
 
خانووەکە بەتەواوی تەختی زەوی کراوە، مەحسوون دەڵێ "منداڵەکانم پەرێشان بوون، خانووەکەم رووخێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش قەرزی خانووەکە دەدەمەوە.''
 
مولکیە ئاکبۆگا، هاوژینی مەحسوونە، هەموو رۆژێک لەگەڵ منداڵەکانی دەچنە سەر پاشماوەی خانووە خاپوورکراوەکەیان. هەر لەوێ مولکیە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "کەس خۆمان لێ بە خاوەن ناکات، خانووەکەیان تەخت کردین و پشتیان لێ کردین و لێیان نەپرسینەوە.'' 
 
سەحەر ئاکبۆگا، کچە بچووکی مەحسوونە، باسی ئەوە دەکات لە قوتابخانە "منداڵەکان گاڵتەمان پێدەکەن و دەڵێن خانووتان نییە.'' 
 
لەبەرامبەر ئەو رووداوە، خەڵکی گوند و کەسوکار و ماڵباتی ئاکبۆگا سەریان سوڕماوە و دەڵێن ناهەقییەکی گەورە بەرامبەر ئەو خێزانە کراوە و دەبێت دەوڵەت خانووەکەیان بۆ دروستبکاتەوە.
 
مولکیە هەروەها دەڵێ "نە جێگەی شووشتنمان هەیە، نە توالێت، منداڵەکانم بۆ توالێت دەچنە دەرەوە، بەڵام لە دەرەوەش سەگ هەن و لە ترسا ناوێرن بچن. ئێستا شوێنمان تەنگە، ئێمە سێ منداڵمان هەن و جێگەمان نابێتەوە. بەڕاستی بیری خانووەکەی خۆمان دەکەم.''
 
براژنی مەحسوون کە ئەویش ناوی مولکیەیە دەڵێ "خەڵک ماڵی سەگیش خراپ ناکات، هەرگیز دڵیان پێیان نەسووتا؟... خوا سەبەبکار و ستەمکار لەسەر کەسانی بێ بەخت نەهێڵێ، هیچ جارێک سەرکەوتوو نەبن، خوا هەرگیز تێریان نەکات و یەکیان نەبێتە دووان.''
 
ماڵباتی ئاکبۆگا بۆ ئەوەی دەوڵەت خانووەکەیان بۆ دروستبکاتەوە، هەروەها قەرەبوویان بکاتەوە، دوو سکاڵایان تۆمار کردووەتەوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە