هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و ئاگر کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە، ئاگر گەیشتووەتە کۆگەی سووتەمەنیی فڕۆکەخانەکە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەریر بیسترا و ئاگر لەنێو فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر کەوتەوە؛ رووداو لە رێگەی سەرچاوە خۆجێییەکانەوە زانیویەتی کە ئاگری نێو فڕۆکەخانەی هەریر زیاتر تەشەنەی سەندووە و کۆگەی سوتەمەنیی فڕۆکەخانەکە ئاگری گرتووە. تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە ئامادەباشیداین، بەڵام تائێستا فەرمانی چوونیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پێنەگەیشتووە.
هاوکات، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، رێککەوتی ئەمڕۆی لەسەر نووسراوە و دەڵێت، ساتی بەئامانجکردنی بنکەی سەربازیی هەریر پێشاندەدات. گرووپەکە دەڵێت، لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.