وردەکاریی کوژرانی پیاوێکی تەمەن 92 ساڵی سریانی لە مێردین

رووداو دیجیتاڵ 

کاردانەوەکانی کوشتنی هاووڵاتییەکی تەمەن 92 ساڵی سریانی لە مێردینی باکووری کوردستان بەردەوامن کە پێش چەند رۆژێک لە ماڵی خۆیدا کوژرا. 

رۆژی 6ـی ئەم مانگە، لە گوندی نەحلی سەر بە قەزای میدیادی پارێزگای مێردین هاووڵاتییەک بە ناوی گەوریە ئاکگوچی تەمەن 92 ساڵان کوژرا. گەوریە ئاکگوچ لە کاتی گەڕانەوەی لە ماڵی دراوسێکەی، پێش ئەوە پێبنێتە ژوورەوە، لە حەوشەی ماڵەکەیدا بە چەک هێرشیکرایە سەر و بە پێنج گوللـە بریندارکرا. دواتر بەرەو نەخۆشخانەی میدیاد گوێزرایەوە و لەوێ، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

لەدوای کوشتنی  گەوریە ئاکگوچ، لە گوندی نەحل و گوندەکانی دیکەی دەوروبەری 15 کەس دەستبەسەر کران و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان سەرجەمیان ئازادکران. 

تەرمی  گەوریە ئاکگوچ رەوانەی ئیستەنبووڵ کراوە و تاوەکو ئێستا بەخاک نەسپێردراوە و چاوەڕێی کەسوکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە ئەوروپا بگەڕێنەوە، بەڵام لە کەنیسەی کوریاکۆس لە نەحل پرسەی بۆ دانراوە و هێزەکانی جەندرمە رێکاری ئەمنییان لە گوندەکە گرتووەتە بەر. 

لە کەنیسەی کوریاکۆسی گوندی نەحل، پرسەی گەوریە ئاکگوچ دانراوە و قەشە و کەسایەتیی کریستیان و موسڵمانەکان لە پرسەکەدا بەشدارن. 

"بکوژی هاوژینەکەم بدۆزنەوە هیچ شتێکی دیکەم ناوێ" 

ئەدیبا ئاکگوچ، هاوژینی گەوریە ئاکگوچ بەمشێوەیە باس لە کوژرانی هاوژینەکەی دەکات: "چوومە ژوورەوە و دەرگاکەم کردەوە، تەسبیحەکەم لەسەر مێزە دانا و گوێم لە دەنگی پێنج گوللە بوو، تەق تەق تەق، هەستم کرد تەقەکردنەکە لەنێو خانوودا دەکرێت. رامکرد و بینیم لەسەر زەوی کەوتووە، خوێن لەسەری دەچۆڕی؛ هاوارم کرد و گوتم، وەرن مامی ئێوەیان کوشت، خاڵی ئێوەیان کوشت. دواتر پۆلیس هاتن. ئەو شەڕی لەگەڵ هیچ کەسێک نەکردبوو. لەوێ خانووەکی خاپووربوو هەبوو، تاریک بوو، هیچ شتێک نەدەبینرا."

هاوژینی قوربانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەموو شتەکانی بۆ پارێزەرەکەی باسکردوون و دەڵێت، "ئەوان دەڵێن، کەیسەکە ئاشکرا دەکەین و روونیدەکەینەوە. من گوتم تەنیا بکوژەکە بدۆزنەوە، هیچ شتێکی دیکەم ناوێ. تکاتان لێدەکەم، تەنیا بکوژی هاوژینەکەم بدۆزنەوە، هیچی دیکەم ناوێ." 

کوژرانی هاووڵاتییە سریانییەکە لەلایەن موسڵمانان و کریستییانەکانی قەزای میدیاد ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە. 

لەبارەی هۆکاری کوشتنی گەوریە ئاکگوچ، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک هۆکارێکی ورد نازانێت، بەڵام لەنێو هاووڵاتییە سریانەکانی قەزای میدیادی پارێزگای مێردین باس لە "دوو هۆکاری کۆمەڵایەتی" دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامن، کەس نایەوێ ئەو دەنگۆیانە بڵاوبکاتەوە. 

عەنتەر ئۆنان، سەرۆکی کۆمەڵەی کولتووری سریانەکان دەڵێت، "دوو هۆکار هەن کە دەکرێت لە پشت کوشتنی گەوریەوە بن. لەسەر ئەم دوو هۆکارە دەوەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە، ناتوانین بڵێین هۆکارەکان چین. پشتیوان بە خودا لە کاتێکی زۆر کورتدا راستی و دروستیی ئەم رووداوە رووندەبێتەوە."

جۆرج ئاسلان، پەرلەمانتاری هەدەپ لە مێردین لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "ئەم رووداوەی لەم دواییەدا لە گوندی نەحل روویداوە، ناتوانین لەو رووداوانەی کوشتن کە لە ساڵەکانی 90ـەکاندا روویداون جیابکەینەوە. ئەمە پیلانی بۆ داڕێژراوە و بە ئەنقەست کراوە."