دوو تۆمەتباری کوشتنی دەنیز جەودەت لە هەولێر دەستگیرکراون و بکوژی سەرەکی هەڵاتووە
رووداو دیجیتاڵ
دوو تۆمەتباری کوشتنی دەنیز جەودەت، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر دەستگیرکراون و بە دوو مادە دادگایی دەکرێن و بکوژەکەش بۆ بەغدا هەڵاتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023، ئاسۆ هاشم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەنیز جەودەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ کەس بە کوشتنی دەنیز جەودەت تۆمەتبارن، دوو لەوانە دەستگیرکراون کە یەکێکیان تۆمەتباری سەرەکییە و پارەی بۆ کوشتنەکە خەرج کردووە و ئەوی دیکەشیان دەمانچەی بێدەنگی بۆ بکوژەکە پەیدا کردووە.
ئاسۆ هاشم دەڵێت، "دۆسیەی دوو دەستگیرکراوەکە کە خەڵکی تورکیان، لە دادگەی تاوانەکانی هەولێر و 85٪ی رێکارە یاساییەکان تەواو بوون و بە مادەکانی تیرۆر و سیخوڕی تۆمەتبار کراون."
لەبارەی بکوژەکەشەوە، ئاسۆ هاشم گوتی: "بکوژەکە، عەرەبە و خەڵکی بەغدایە، دوای کوشتنی دەنیز، هەڵاتووە و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، تائێستا دەستگیر نەکراوە".
دەنیز جەودەت، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە بوو، رۆژی 18-09-2023 لە هەولێر درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا.
دەنیز هەڵسوڕاوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و مامۆستای زمانی کوردی بوو، ژیانی هاوژینیی پێکنەهێنابوو، ماوەی سێ ساڵ لە بارەگای کەنەکە بوو، ماوەی سێ ساڵیش بوو هاتبووە هەولێر.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە ساڵی 1999 لە هۆڵەندا و لەسەر دەستپێشخەریی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دامەزراوە و 10 ساڵە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە.
رۆژی 18-09-2023 لەناو بارەگای پارتەکەی لە گەڕەکی راپەرینی هەولێر، بە رۆژی رووناک و کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ کەسێکی نەناسراوی بێ دەمامک، لە دەرگەی ئۆفیسەکە دەدات، کاتێک دەنیز دەرگا لە بکوژ دەکاتەوە، هەر لەنێو حەوشەوە تەقەی لێدەکات و رادەکات.
شەهناز بولبون، دایکی دەنیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کوڕەکەی من شەهیدی کوردستانە، ئێمە پێی سەربڵندین و کوڕەکەی من لە رێگەی شەرەف و ناموس رۆشتووە، کوڕەکەی من زۆر سەرکەوتوو بوو، حەیف و مخابن بۆ کوڕەکەی من."
کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی هەینی (22-09-2023)، تەرمی دەنیز لە دادپزیشکی وەرگیرایەوە و هێندرا بۆ بارەگای کەنەکە و بە رێوڕەسمێک رادەستی دایک و باوک و خێزانەکەی کرا.