بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: 49 گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرايەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە ماوەی 20 رۆژدا بڕی 241 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا و 49 تۆمەتباریش لە کەسانی بازرگان و فرۆشیارانی ئەو مادانە دەستگیرکراون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە ماوەی 20 رۆژدا و لە 20-10-2023 تاوەکو 9ـی تشرینی دووەم، 17 چالاکییان ئەنجامداوە لە بنکەکانی دهۆک، سۆران، حاجی ئۆمەران کە توانراوە 49 گەورە بازرگان و فرۆشیاری مادەی هۆشبەر دەستگیربکرێن و دەستیش بەسەر 241 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا بگرن. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بڕی ئەو مادانە کە دەستیان بەسەردا گیراوە پێکهاتوون لە: 
 
- 8 کیلۆ و 129 گرام ماددەی تلیاك.
- 2  کیلۆگرام ماددەی هیرۆین.
- 1 کیلۆ و 681 گرام ماددەی کریستاڵ و بڕێکی دیکە لە ماددەی حشیش و جامايکا.
- 299 کیلۆ و 500 گرام لە حەبی هۆشبەر جۆری کاپتاگۆن و نزیکەی 1000 دەنک حەب لە جۆرەکانی ترامادۆڵ و میتادۆن و تریفین.
 
بەڕێوەبەرايەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون گەورە بازرگانن و ئەندامی سێ تۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتین و بەهۆی دەستگیرکردنیانەوە ئێستا تۆڕەکانیان هەڵوەشاوەتەوە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، سەرجەم چالاکییەکان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ئەنجامدراوە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتە بەر، ئێستا تەواوی تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، یەکێک لەو چالاکییانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کراوە کە تەنیا لەو چالاکییەدا 160 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کاپتاگۆن دەستی بەسەرداگیراوە.