کوردستان
ئەو باڵاخانانەی لە بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەم ساڵ لە باکووری کوردستان خاپوور بوون، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، رایگەیاند، بەربەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-11-2023 بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای هاتای روویداوە.
بوومەلەرزەکە کاژێر 05:32ـی بەیانیی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کڕکهان-ی پارێزگای هاتای روویداوە. بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی ئافاد بڵاویکردووەتەوە، گوڕی بوومەلەرزەکە 4.8 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، قووڵاییەکەشی بە 8 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
پارێزگاری هاتای لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(توویتەری پێشوو)، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و جەختیکردەوە کە تیمەکانیان گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەی لەگەڵ بوومەلەرزەکە لەراونەتەوە و لە ئەگەری بوونی هەر زەرەر و زیانێک، ئامادەن بۆ هەر هاوکارییەکی خەڵک.
هاتای یەکێک بوو لەو 11 پارێزگایەی لە بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەم ساڵدا زیانی زۆری بەرکەوت. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی تورکیا، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا تەنیا لە هاتای 13 هەزار و 883 باڵەخانە رووخان. هەروەها زیان بە 49 هەزار و 470 باڵەخانە کەوت کە 10 هەزار و 911ـیان پێویستی کرد راستەوخۆ بڕووخێندرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 20-2-2023 لە پارێزگای هاتایەوە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکەن. بەگوێرەی پلانەکە لە پارێزگای هاتای 40 هەزار و 426 یەکەی نیشتەجێبوون و لە گوندەکانیشیدا 14 هەزار و 141 خانوو دروستدەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ