لە 10 مانگی رابردوودا لە کۆی 13661 منداڵی تازە لەدایکبوو لە دهۆک 36%یان بە نەشتەرگەری بووە

09-11-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
دوو منداڵی تازە لەدایکبوو لە دهۆک
دوو منداڵی تازە لەدایکبوو لە دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە 10 مانگی رابردوودا لە پارێزگای دهۆک، 13 هەزار و 661 منداڵ لەدایکبوون. 36%یان بە نەشتەرگەری و ئەوانی دیکەیش بە سرووشتی لەدایکبوون. شەش هەزار و 941 منداڵە لەدایکبووەکەی دهۆک کچن و شەش هەزار و 720 منداڵیش کوڕن.
 
د. ئیمان سدیق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی دهۆک دەڵێت، "[منداڵی تازە لەدایکبوو]مان هەیە کە ناکامن و رەنگە بەهۆی نەخۆشیی دایکەکەوە بووبێت. جۆرێکی دیکەیش هەیە کە پەیوەندیی بە منداڵەکەوە هەیە و ناچارین پێشوەخت نەشتەرگەریی منداڵبوون بۆ دایکەکە بکەین." 
 
لەنێوا منداڵە لەدایکبووەکانی دهۆک لە 10 مانگی رابردوودا، 63 منداڵی ناکام هەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو 94 منداڵی ناکام هەبوون. زۆرینەی ئەو منداڵانەی سەردانی نەخۆشخانەی هێڤی دەکەن بۆ چارەسەر، ئەو منداڵانەن کە پێش نۆ مانگ لەدایکبوون. دواتر ئەوانەن کە تووشی هەناسەتەنگی و نەخۆشییەکانی خوێن بوون.
 
د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆک باس لەوە دەکات، "منداڵی تازە لەدایکبوو سیستمی بەرگریی لەشی زۆر لاوازە و دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵدا بکرێت." دەشڵێت، کاتێک منداڵ تازە لەدایک دەبێت، نابێت زوو لێی نزیک ببنەوە و ماچی بکرێت، چونکە منداڵەکە تووشی نەخۆشی دەکات.
 
لە ساڵی 2021 دا لە سنووری پارێزگای دهۆک، 17 هەزار و 267 منداڵ لەدایکبوون. هەشت هەزار و 774 منداڵیان کوڕ و هەشت هەزار و 493 منداڵیش کچ بوون. هەروەها 151 منداڵیش بە مردوویی لەدایکبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە