خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان گردبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

مانگرتن و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان بەردەوامە. 
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، بۆ دووەمین رۆژە مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان بەردەوامە و ئەمڕۆ چوارشەممە 09-11-2022، جارێکی دیکە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. 
 
دوێنێ سێشەممە، خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان و هەڵەبجە بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان گردبوونەوە، داواکاریی سەرەکی خوێندکارانیش پێدانی دەرماڵەی مانگەکانی 9 و 10ی ئەمساڵیانە کە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
 
دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ساڵی 2014 و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیرا. ساڵی رابردوو دوای گرتبوونەوەو نارەزایی خوێندکاران بڕیاردار بە ناوی پاڵپشتی خوێندکاران بۆ یەک ساڵ دابەش بکرێت.
 
بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە تێیدا دەخوێنن 60 هەزار دینارە، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوام دەکەن 40 هەزار دینارە.