جووتیارانی مووشی باکووری کوردستان بەشێوازێکی پێشکەوتوو دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

جووتیارانی باکووری کوردستان بە مەبەستی دەستخستنی بنەتۆو لە ئێستاوە دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە، بۆ ئەوەی بەفر و بارانی چاوەڕوانکراو، سوودی زیاتر بە زەوییەکانیان بگەیێنێت.
 
جووتیارانی پارێزگای مووشی باکووری کوردستان بە شێوازێکی پێشکەوتوو و بە ئامێری تایبەت دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە. تەوفیق فیکرەت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مووش دەڵێت، "ئەو بنەتۆوەی دەردەچێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ تاقیگەی کارگەکەمان و دواتر بە مەبەستی بەکارهێنان دەدرێتە جووتیاران. ئەم وەرزە بۆ چاندن گونجاوە. بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی بەفر و باران دەمانەوێت بەپەلە کارەکان تەواو بکەین."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی مووش پانتایی 65 هەزار دۆنم زەویی بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆو تەرخانکردووە. ئەمساڵ لە رووبەرێکی 30 هەزار دۆنمی گەنم بۆ بنەتۆو دەچێندرێت.
 
تامەر گۆلباشی، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "دەستمان بە چاندنی پاییزە کردووە. بەردەوام لە کێڵگە کار دەکەین. دوای کێڵان راستەوخۆ دەست بە چاندن دەکەین."
 
بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەم بنەتۆوە کە بەرهەم دەهێندرێت لە تۆوی ئاسایی کوالێتییەکەی بەرزترە؛ هەروەها بە رێژەی 25% بەرهەمەکە زیاتر دەکات. لە هەر دۆنمێک کە ئەم بنەتۆوەی لێ بچێندرێت، نزیکەی 500 کیلۆگرام گەنم دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەگەر ئاودانی زیاتر بێت، دەگاتە نزیکەی 650 کیلۆگرام لە دۆنمێکدا.