کرماشان وەک شاری داهێنەری خواردەمەنی لە یونسکۆ تۆمارکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
شاری کرماشان لەلایەن یونسکۆوە وەک شاری داهێنەری خواردەمەنی تۆمارکرا. سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بە وەکالەت دەڵێت ئەو دەستکەوتە دەبێتە هۆی گەشەی گەشتیاری لەو پارێزگایە.
 
رۆژی 08.11.2021 رێکخراوی یونسکۆ، رەزامەندیی دەربڕی شاری کرماشان وەک 37ەمین شاری داهێنەری خواردەمەنی لەسەر ئاستی جیهان و 12یەمین شاری داهێنەری خواردەمەنی لە ئاستی ئاسیادا تۆمار بکرێت.
 
ئەمیر رەحمەتی، سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بە وەکالەت رایگەیاند: "ئەم شارە پێشینەیەکی دەوڵەمەند و ژێرخانی گونجاوی لە بواری خواردەمەنیدا هەیە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئێران بە یونسکۆی بناسێنێت و یونسکۆش رەزامەندیی دەرببڕێت".
 
بەگوتەی ئەمیر رەحمەتی، هەڵبژاردنی کرماشان وەک شاری داهێنەری خواردەمەنی دەبێتە هۆی ئەوەی، کە کرماشان زیاتر بناسرێت و ئەمەش وادەکات کەرتە گەشتیارییەکەی ببووژێتەوە. سەرۆکی شارەوانیی کرماشان دەڵێت: "لە هەوڵداین خانەی خۆراکیش لە کرماشان بکەینەوە".
 
لە پارێزگای کرماشاندا 80 جۆر خواردەمەنی، 11 جۆر نان و 20 جۆر شیرینی هەیە. کفتەی کرماشانی، کفتە ریزە، هەڵوکەباب، دەندە کەباب، پاغازەم ترخێنە، دەسپێچ، پەتڵە، کەلانە و دۆینە بەشێک لە خواردەمەنییەکانی کرماشانن. هەروەها بژی، نان برنجی، نان خورمایی و کاک بەشێک لە شیرینییەکانی کرماشانن. 
 
هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی کرماشان وەک شاری داهێنەری خواردەمەنی سەرەتای هاوینی ساڵی 2020 دەستیان پێکرد، بەڵام دۆسیەکەی کۆتایی بەهاری ئەمساڵ رەوانەی یونسکۆ کرا.
 
رێکخراوی یونسکۆ لە 198 وڵاتدا نووسینگەی هەیە و لە ساڵی 2003وە شارە داهێنەرەکانی لە بوارەکانی پیشەسازیی دەستی، مۆسیقا، خواردەمەنی و بوارەکانی دیکەدا تۆمار دەکات.
 
یونسکۆ پێشتریش شاری سنەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک شاری داهێنەری مۆسیقا، لە ئێرانیش شاری رەشت لە باکوور ئێران وەک شاری داهێنەری خواردەمەنی و شارەکانی ئیسفەهان و بەندەرعەباسیش وەک شاری داهێنەری پیشەسازیی دەستیی تۆمار کردوون.