حەشدی شەعبی لە کەرکووک ماڵە کوردەکان دەپشکنێت
رووداو- هەولێر
چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق لە کەرکووک ماڵە کوردەکان دەپشکنن. ئەوانەی بۆ رووداو قسەیان کردووە دەڵێن ، بەبیانووی گەڕان بۆ چەک لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەچنە سەر ماڵان، چەک لە هەر ماڵێک بدۆزنەوە ئیدی تووش ئەبێ و بە ئاسانی لەدەستیان دەربازی نابێ. بەرپرسێکی پارتیش پێیوایە، بۆ ترساندنی خەڵکە و دەیانەوێت کورد نەگڕێتەوە کەرکووک.
هاونیشتمانییەکی کەرکووک دەڵێ، لە شەقامەکانی رەحیمئاوا گەنجی کورد دەگرن، هەندێکیان دوای لێکۆڵینەوە بەریدەدەن، گەنجیش هەیە نزیکەی 20 رۆژە براوە و هیچ هەواڵێکی نییە.
لەنێو ئاوارەکانی کەرکووک لە هەولێر ، باس باسی ئەو هەڵمەتی گەڕان و پشکنینەیە کە چەند رۆژێکە هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبی لە بەشێک لە ماڵانی گەڕەکە کوردییەکان دەستیان پێکردووە، بەگوتەی ئەمانە ئەو هێزانە بەبیانوی گەڕان بۆ چەک، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن، زووزوو پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە دەکەن و هەواڵی ماڵ و گەڕەک و شارەکەیان دەپرسن.
لەدوای تەقینەوەکانی هەفتەی رابردوو لە کەرکووک ، هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لە گەڕەکەکان زیاتر بووە ، زۆرترین لێکۆڵینەوەش لەگەڵ گەنجاندا دەکرێت، هەرماڵیکیش چەکی لێ بێت بەئاسانی وازی لێ ناهێنن.
خورشید محەممەد هاونیشتمانییەکی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەماڵاندا دەگەڕێن دەڵێن ئیمە حەشدین، گەنج و پیر دەگرن،، دوێنی لەسەر شەقامی رەحیمئاوا گەنجێکیان برد".
ئەم هەڵمەتەی حەشدی شەعبی و هێزە عیراقییەکان بەتەواوی خەڵکیان نیگەرانکردووە ، خەریکە وای لێدێت وردە ورە ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە کەرکووک یاخود لەوێ ماون، شارەکە بەجێبێڵین، وەک بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت ، هەر ئەوە مەبەستی ئەو هیزانەیە لەو شارە.
سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک-گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەڵمەتی پشکنینە پێشتریش هەبووە، ئێستاش بەردەوامە بۆ ترساندنی خەڵک و دەیانەوێت کورد نەگڕێتەوە کەرکووک و ئەو خەڵکانەش لەوێن ئەو شارە چۆڵکەن. ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرکووک و دەبێت چارەسەر بکرێت".
نزیکەی مانگێک بەسەر ئاوارەبوونی کوردانی کەرکووک و هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق بۆ ئەو شارە تێپەڕیوە، ئەو هێزانە هەر رۆژە بەئارەزووی خۆیان هەڵمەتی گەڕان و پشکین ئەنجام دەدەن، وەک ئاوارەکان دەڵین ، هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەست بەو مەترسییە لەسەر ئەوشارە کوردستانییە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان نەبینیوە لەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان