بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک لە زاخۆ دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ لەسەر رێگەی سحێلا بارهەڵگرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەردوو کەسەکە خەڵکی باکووری کوردستانن.
رووداوەکە شەوی (چوارشەممە، 09-10-2024) کاژێر 21:40 خولەک روویدا. غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستیی زاخۆ تەرمەکانیان دەرهێنان.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوو هاونیشتمانییەکە خەڵکی جزیرێی باکووری کوردستانن. باوکی شوفێری بارهەڵگرەکە بە گریانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ''ئەوە کوڕی منە، خێزاندارە، ساڵێکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.''
ئەو رێگەیەی رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە دووسایدە؛ پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە سایدەکانی رێگەی سەرەکیی گیراوە و ئۆتۆمبێلەکان ناچارن بە رێگەیەکی لاوەکیدا هاتووچۆ بکەن.
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت ''بارهەڵگرەکە لە دهۆکەوە بەرەو دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەچوو، هەموو رووداوەکەم بە چاوی خۆم بینی، خێراییەکی زۆری هەبوو، بەداخەوە بۆی کۆنترۆڵ نەکرا و وەرگەڕا.''
بەپێی زانیارییەکان بارهەڵگرەکە لە هەولێرەوە دەگەڕایەوە باکووری کوردستان، هەردوو سەرنشینەکانی گەنجن و تەمەنیان نزیکەی 25 ساڵ دەبێت، هەروەها خزمی یەکدین و یەکێکیان خێزاندارە.