سەلاحەدین بەهائەدین: دەبێت پەرلەمانی داهاتوو دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دابنێت

09-10-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە شاری دهۆک
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە شاری دهۆک
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو – دیسکی هەڵبژاردن 
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کورستان، لە کاتی بەشداریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەکەیان لە پارێزگەی دهۆک رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت لە پەرلەمانی داهاتوو، بەشدارییەکی کارایان هەبێت و زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنن. دەشڵێت، یەکێک لە کارەکانی پەرلەمانی داهاتوو دەبێت بیکات، نووسینەوەی دەستوورە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە 09ی تشرینی یەکەمی 2024 سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی بەربژێرەکانی پارتەکەی لە شاری دهۆک، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند
ئەوان ئەمجارە "سوپرایزی هەڵبژاردن" دەبن. گوتیشی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە هەموو ناوچەکە لەنێو ئاگردایە و ئەگەر کورد ئاگادار نەبێت "رەنگە بکەوینە ژێر پێوە." 
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەهەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 62 بەربژێری هەیە، کە زۆرترینیان لە بازنەی پارێزگەی سلێمانییە بە 22 بەربژێر  و کەمترینیشیان لە بازنەی هەڵەبجەیە بە شەش بەربژێر. 
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، گوتی: "یەکگرتوو پێداگرە لەسەر ئەوەی بەشدارییەکی رێکوپێک و جیدی بکەین لە پەرلەمان و زۆرینەیەکی پەرلەمانی بەدەست بهێنین. دەبێت پەرلەمان دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دابنێت، ئەو دەستوورەی چەندین ساڵە پێوەی سەرقاڵن و نایەتە سەر راستە و نایانەوێت ببێت، دەبێت دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت. دەبێت پەرلەمان چاودێرێکی راستگۆ و ئامادەبێت بەسەر حکومەتەوە و نابێت موجامەلە بکات." 
 
هەروەها لەبارەی چاوەڕوانی ئەنجامی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەلاحەدین بەهائەدین گوتی: "هەموومان شاد بین بە ئەنجامێکی باش و هەموومان دڵخۆشبین بە سەرکەوتنێکی دیار و موفاجەئە." 
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووەی ئیسلامی کوردستان،  هۆشداری لەبارەی دۆخی ناوچەکە و جەنگی یەک ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس پەلکێشانی ئەو جەنگە بۆ نێو لوبنان و  تەواوی ناوچەکە دا و گوتی: "دەبێت کورد ئاگاداری ئەو دۆخەی ناوچەکە بێت."
 
سەلاحەدین بەهائەدین دەڵێت "ئێمە لە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایین، لە کات و ساتێک و دۆخێکدایە کە ناوچەکە هەمووی گڕیگرتووە و هەموو ناوچەکە لە دۆخێکی خراپدایە و ئەگەر بەخێرایی درک بە دۆخی خۆمان نەکەین، رەنگە ببین بە ژێر پێیەوە. بەژێرپێی دۆخەکەوە."
 
بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام بێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە