رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2024) وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کوژرانی سەربازێکی بەناوی سەفەر ئالان لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، سەربازە کوژراوەکە خەڵکی پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستانە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکی دیکەیدا باسی لە گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پەکەکە لە گارە کرد.
رۆژی 8ـی مانگ، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی سوپای تورکیا لە ئەنجامی هێرشیکیان بۆ سەر رەبایەیەکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ راگەیاند.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ