لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دیلۆک کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە لە سنووری شارۆچکەی شاهینبە روویدا و تێیدا شۆفێرێک دوای ئەوەی کۆنترۆڵی لەدەستدا، ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە شۆستەی شەقامێکدا کێشا.
 
لە رووداوەکەدا شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. بریندارەکان زوو گوێزرانەوە نەخۆشخانە و لە بەشی چاودێریی چڕ چارەسەر وەردەگرن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
پار ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکرابوون. لەو رووداوانەدا 6 هەزار و 548 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار ببوون.