رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی کردەوە "نزیکەی 20 بەربژێری هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییان بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە". سەرۆکی هاوپەیمانیێتییەکەش رایگەیاند 17 رۆژ پێشتر دەرکراون.
ئەو بەربژێرانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاندووە "بەهۆی ناعەدالەتی و ئەو موزایەدەیەی بەسەرماندا کرا، نەمانتوانی درێژە بە خەباتمان بدەین لەنێو ریزەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی". دووپاتیشیان کردەوە ژمارەیان زیاتر لە 20 بەربژێرە و پەیوەندییان بە ریزەکانی یەکێتییەوە کردووە.
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا ئەو بەربژێرانە ئاماژەیان بەوە کردووە "ئەوان لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن لە هاوپەیمانی نیشتمانی جیابوونەتەوە". جەختیشدەکەنەوە "هەموو ئەوانەی دەرکەوتووین بەربژێرن، رەنگە دواتر وا بگوترێت کە هەموومان بەربژێر نین، ئێمە دەتوانین ناو بە ناو بڵاوی بکەینەوە".
لەوبارەوە ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی بە رووداوی گوت "ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە ئێمە رۆژی 24-9-2024 فەرمانی دوورخستنەوەمان بۆ ئەو بەربژێرانە دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی ویستوویانە خۆیان بفرۆشن و ناوی هاوپەیمانێتییەکەمان بزڕێنن".
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، 10 فەرمانی کارگێڕیی حیزبەکەی بۆ رووداو ناردووە، کە 24-9 دەرکراون، لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە مافی هاودیدبوون لە کۆمەڵێک ئەندامیان سەندراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە "هیچ پەیوەندییەکیان بە هاوپەیمانی نیشتمانی نەماوە".
هەروەها بەختیار غەریب، بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد "ئەو کەسانەی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە دەردەکەون و میدیای یەکێتی بڵاوی کردوونەتەوە، هەموویان بەربژێری هاوپەیمانێتییەکەمان نین، بەڵام بەشێکیان پێشتر بەربژێرمان بوون و هەموو خەرجییەکی بەربژێربوونمان بۆیان کردووە".
گوتیشی "بەشێکی بەربژێرانمان لاواز بوون و تەنیا ویستوویانە بەربژێربوونیان بۆ راگەیاندن بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی دواتر بچنە لایەنی دیکەوە". دانی بەوەشدانا کە "هاوپەیمانی ئەو هەڵەیەی ک
رد؛ دەرگای بەربژێربوونی بۆ هەموو کەسێک کردەوە، تەنانەت ئێستا سێ کەس لەسەر لیستەکەمان بەربژێرن کە
سەربەخۆن و ئەندامی هاوپەیمانی نین".
بە گوتەی بەختیار غەریب "ئەو کەسانەی وا ناسێنراون بەربژێرمانن، دوای ئەوەی خیانەتیان کرد لە هاودیدبوونی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئێمە مانگی رابردوو فەرمانی دوورخستنەوەمان بۆیان دەرکردووە".
هەروەها لە راگەیێنراوێکدا ئەمڕۆ هاوپەیمانی نیشتمانی بڵاوی کردەوە "ئەو کەسانەی میدیای یەکێتی دەریخستوون گوایە بەربژێری هاوپەیمانێتییەکەمانن، پێشتر دەرمان کردوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نەماوە".
هاوپەیمانی نیشتمانی بە 60 بەربژێر، لە هەر چوار بازنە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەگوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە، ئێستا "زیاتر لە 45 بەربژێرمان ماوە".
هاوپەیمانی نیشتمانی 2-10-2017 بۆ یەکەمجار بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بە سەرۆکایەتیی د. بەرهەم ساڵح دامەزرا، بەڵام دواتر بەرهەم ساڵح گەڕایەوە نێو یەکێتیی و کرایە سەرۆککۆماری عێراق. دواتر لە 11-11-2018 هاوپەیمانێتییەکە ناوی خۆی گۆڕی بۆ (هاوپەیمانی نیشتمانی) بە سەرۆکایەتیی ئارام قادر بەردەوامیی بە چالاکییە سیاسییەکانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ