کۆمیسیۆن بۆ بەربژێران: لە گوتاری رق و کینە و سووکایەتیکردن دووربکەونەوە و پابەندی رێساکان بن

09-10-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆن داوا لە بەربژێر و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە گوتاری رق و کینە و تووندوتیژی دووربکەونەوە و داوای پشتگیریش دەکات لەپێناو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. 
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9-10-2024) سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات توانیویانە بەسەرکەوتوویی خشتەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بکەن. داواش لە لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانیێتی و بەربژێران دەکات کە بەشدارن لە هەڵبژاردن "پابەند بن بە پەیڕەو و سیستمی هەڵبژاردن کە بۆ رێکخستنی بانگەشە دەرکراوە". 
 
لەبارەی بانگەشەوە، کۆمیسیۆن کۆمەڵێک خاڵی دیاریکردووە و داوا دەکات، بەشداربووانی هەڵبژاردن لە هەڵمەتەکانیاندا لێی دووربکەونەوە، لەوانە "دوورکەوتنەوە لە گوتاری هاندەری تووندوتیژی، رق و کینە، سووکایەتیکردن و زیانگەیاندن بە بەربژێرانی دیکە و رکابەرەکانیان تاوەکو رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان". 
 
کۆمیسیۆن داواش دەکات، ئەگەر تێبینی و رەخنەیەک هەبێت "بەربژێر و لایەنەکان و هاوپەیمانیێتییەکان پەنا ببەنە بەر رێگە یاساییەکان لە تۆمارکردنی سکاڵا و تانەدان، نەوەک ئەو رێگەیانەی کار و کاردانەوە دروست دەکەن لەنێوان رکابەرەکاندا". 
 
کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات لەوەی "روانین لە سکاڵاکان بەوپەڕی سەربەخۆیی دەبێت". 
 
لەو راگەیێنراوەدا، کۆمیسیۆن داوا لە دەنگدەران، هاوپەیمانێتییەکان، لایەنە سیاسییەکان، بەربژێران، چاودێران، میدیاکاران و هەموو ئەوانەی پەیوەندیدارن بە کاروباری هەڵبژاردن "پشتگیری لە کارتەکانی کۆمیسیۆن بکەن و بەشداری لە هەوڵەکانی بکەن، بۆ رێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، کە جێگەی متمانەی هەمووان بێت". 
 
کۆمیسیۆن هیواخوازیشە "ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی زیادکار بێت بەرەو داهاتوویێکی ئاسایش و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان".
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 25-9-2024 دەستیپێکردووە و 15-10-2024 کۆتایی دێت. بڕیاریشە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 18-10 و دەنگدانی گشتیش 20-10-2024 بێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.