باوکی دوو منداڵی هەڵگری تالاسیمیا لە زاخۆ: ماتۆڕەکەم فرۆشت بۆ کرێی خانوو

رووداو دیجیتاڵ

مینا و میدیا تالاسیمیایان هەیە و 15 رۆژ جارێک دەبێ ببرێنە سەنتەری ژین و خوێن وەربگرن. ماڵباتی ئەو دوو منداڵە کەمدەرامەتن، باوکیان دەڵێ، چوار کرێی خانوو قەرزارە. بەڕێوەبەری سەنتەری ژینیش دەڵێت، مەترسی لەسەر ژیانی دوو منداڵەکە هەیە.
 
مینا ئەیووب تەمەنی 9 ساڵە و میدیاش تەمەنی 13 ساڵە، باوکیان کرێکارە. بەهۆی "کەمدەرامەتی"ـیەوە هەردوو منداڵەکە لە خوێندنەکەیان دابڕاون. 
 
ئەیوب زوبێر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "پارەی کڕینی کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکانم نییە. ئەگەر خەڵک هاوکاریم نەکەن، ناتوانم دوو کچەکەم ببەمە نەخۆشخانە. تەنیا داوا دەکەم هاوکاریی دوو کچەکەم بکەن، دابینکردنی خەرجیی 8 ئەندامی خێزانەکەم زۆر قورسە. مووچەیەکمان نییە، تەنیا کاسبکاری ماڵباتەکەم هەر منم."
 
 
ئەو دوو خوشکە ماوەی یەک ساڵە بەردەوام لە سەنتەری ژین لە دهۆک خوێن وەردەگرن. دایکی مینا و میدیا بە غەریب مەجید، پەیامنێری رووداوی لە زاخۆ، گوت "زۆرجار خوێنیان دەبێتە 2 یان 3 و بەپەلە دەیانگەیێنینە نەخۆشخانە. پزیشک دەڵێ، بۆ درەنگ دەیانهێنن، ئێمەش پێمان شەرمە بڵێین بەهۆی کەمدەرامەتییەوە نایانهێنین."
 
باوکی مینا و میدیا پێشتر لە کارگەیەکی زاخۆ کرێکاری دەکرد، وەک باسیدەکات، کارگەکە نەما و کارەکەی لەدەستدا؛ ئێستا بێکارە. لە گەڕەکی تلکەبەر لە خانووی کرێدا دەژین بە مانگانەی 100 هەزار دینار.
 
مینا و میدیا و 80 تووشبووی دیکەی تالاسیمیا بەهۆی نەبوونی سەنتەرێکی تایبەت بەو تووشبووانە لە زاخۆ، بە ناچاری بۆ چارەسەریی و خوێنوەرگرتن دەچنە سەنتەری ژین لە دهۆک.
 
سەرجەم تووشبووانی تالاسیمیا لە جۆری تالاسیمیای گەورە' ئەگەر کەسێک لە هەردوو باوانیەوە (دایک و باوک) ئەم جینە وەربگرێت' پێویستییان بە چاندنی مۆخی ئێسکە، ئەو نەشتەرگەرییەش تەنیا لە سلێمانی دەکرێ بەمەرجێک ئەگەر"بەخشەر 100٪ هاوتا بێ لەگەڵ تووشبوو".
 
لە دهۆک بەردی بناخەی سەنتەری چاندنی مۆخ دانراوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو نەشتەرگەرییە لەو شارە بکرێت. دکتۆر حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری ژین بۆ نەخۆشانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان لە دهۆک، لە بەرپرسیار، گوتی: "مەترسی لەسەر ژیانی میدیا و مینا هەیە و پێویستی زۆریان بە خوێن هەیە، 15 رۆژ جارێک دەبێ خوێن وەربگرن، چونکە بەردەوام خوێنیان کەم دەکات. چارەسەریی بنەڕەتییان چاندنی مۆخی ئێسکە و ئەگەر بەخشەر ئامادەبێت، نەشتەرگەرییەکە لە سلێمانی دەکرێ."
 
 
دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی "بەڵێن"ـی هاوکاریکردنی ئەو خێزانە دەدات. د. فکری سوورچی، بەڕێوەبەری دەزگەکە، لە بەرپرسیار، گوتی "لە نزیکترین کاتدا سەردانی ئەو ماڵباتە دەکەین و لە دۆخیان دەکۆڵینەوە. کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکان دابیندەکەین. کرێی خانوویان بۆ چارە دەکەین. ئازووقەشیان بۆ دابین دەکەین."
 
 
میدیا پۆلی 7ـی بنەڕەتی بوو و میناش لە پۆلی 3ـی بنەڕەتی. باوکیان دەڵێ "نەمتوانیوە پێداویستی قوتابخانەیان بۆ بکڕم، بۆیە لە خوێندن دابڕاون."