لە هەولێر 14 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکی کۆتای تورکمان دەکەن

09-10-2024
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
لەم هەڵبژاردنە تورکمان تەنیا دوو کورسی کۆتای هەیە
لەم هەڵبژاردنە تورکمان تەنیا دوو کورسی کۆتای هەیە
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 14 بەربژێر رکابەری لەسەر تاکە کورسییە کۆتاکەی تورکمان دەکەن.
 
12 بەربژێری سەربەخۆ و دوو بەربژێریش لەچوارچێوەی حیزبە تورکمانییەکان، هەریەکە و دەیەوێت خۆی دوا بزمار لەو کورسییە بدات، کە تورکمانێکی هەولێر لە پەرلەمان لەسەری دادەنیشێت.
 
خاوەن کورسییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان جارێکی دیکە رکابەری دەکەنەوە، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، لە خولی رابردوودا بە زۆرترین دەنگی تورکمانەکان، کە 3 هەزار و 318 دەنگ بوو، دوو کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، کەس بە رکابەری خۆیان نازانن.
 
محەممەد سەعدەدین، بەربژێری پارتی گەشەپێدانی تورکمان بە رووداوی گوت "لە هەموو هەڵبژاردنەکان ئێمە براوەی یەکەم بووین، ئەم هەڵبژاردنەش بە پشتیوانیی خوا زۆرترین دەنگ دەهێنین و ئەو کورسییە مسۆگەر دەکەین و بەشێوەیەکی باش نوێنەرایەتیی تورکمان دەکەین لە خولی شەشەمی پەرلەمان."   
 
پارتی چاکسازیی تورکمان، لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە 3 هەزار و 125 دەنگ خاوەنی کورسییەکی کۆتای تورکمان بوو و پۆستی سکرتێری پەرلەمانی لابوو، بۆ ئەوە هاتوونەتە نێو رکابەرییەکەوە، کە دەتوانن تاکە کورسییەکەی تورکمان ببەنەوە.
 
مونا نەبی قەهوەچی، بەربژێری پارتی چاکسازی تورکمان بە رووداوی گوت "ئێمە هەمیشە بە متمانەبوون بەشداریمان کردووە، بێگومان ئەو کورسییە بۆ پارتی چاکسازیی تورکمانە بەپێی ئەو دەنگدانەی خەڵکی کوردستان کە بەڵێنیان داوە."
 
بۆ یەکەمجار بەرەی تورکمانی، کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە هەزار و 545 دەنگ کورسیەکی کۆتای هێنا، وەک حیزبە کوردییەکان، لە چوارچێوەی 95 کورسییەکە، بەشداری هەڵبژاردنی گشتی دەکات. 
 
ئایدن مەعرووف، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە بازنەی هەولێر دەڵێ "بەرەی تورکمانی وەکو لیست لەو پرۆسەیە بەشدارە، ئەمە گرنگە و تەجرووبەیەکی تازەشە، لە هەمان کاتدا کاردانەیەوە لەدژی ئەوەی ژمارەی کورسیی کۆتایان کەمکردووە، لە هەمان کاتیشدا دابەشکردنە لەسەر ئاستی جوگریافیا، هەڵەبوو." 
 
ئەمجارە تورکمان تەنیا دوو کورسی کۆتای هەیە، لە بازنەی سلێمانیش، تورکمانەکانی کفری بە شەش بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکی کۆتا دەکەن. 
 
ئەگەر ناکۆکیشیان هەبێت، هەموو بەربژێرانی تورکمان لە بەرنامەیاندایە، لە خولی داهاتوو کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتا، لەنێویاندا 5 کورسییەکەی تورکمان.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.