مەسرور بارزانی: 'هەژماری من' بۆ هاووڵاتیانە و بەرژەوەندیی هیچ تاک و لایەنێکی سیاسی تێدا نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە سۆران، رایگەیاند لایەنە رکابەرەکانی پارتی هیچ بەرنامەیەکیان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک پێ نییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری بانگەشەی حیزبەکەی لە سۆران کرد و لەوێ گوتارێکی پێشكێشکرد، رایگەیاند "خەڵک بڕیاریداوە ئەمجارەش پارتی براوە بێت و لە 20ـی ئۆکتۆبەر پارتی داستانێکی دیکە تۆمار دەکات و ئێوەمان هەبێت، بێ منەتین." 
 
"هەژماری من، هەژماری هاووڵاتییانە"
 
لە گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لەو کێشانە کرد کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بوونەتەوە، گوتی "پارتی و حکومەتی پارتی، هیچ جیاوازییەکی لە هیچ ناوچەیەک نەکردووە، پارتی حیزبی هەموو کوردستان و خاوەنی هەموو کوردستانیشە. دەسەڵاتی خۆسەپێنی حیزبی، رێگر بووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت بەیەکسانی لە هەموو پارێزگەکاندا." 
 

 
جێگری سەرۆکی پارتی، باسی لە یەکێک لەو پڕۆژانە کرد، کە رووبەڕووی ئاڵنگاریی بووەتەوە، کە ''پرۆژەی هەژماری منە''، سەبارەت بەو پرسە، مەسرور بارزانی دەڵێ "پرۆژەی 'هەژماری من'، بۆ هاووڵاتییە. بۆ پڕۆژەیە، بۆ ئەوەیە هاووڵاتی ببێتە خاوەنی بڕیاری خۆی و مووچەی خۆی لەکاتی خۆیدا وەربگرێت، بەبێ ئەوەی ناچار بێت هیچ لایەنێکی سیاسی بڕیار لەسەر چارەنووسی هاووڵاتی بدات، بەڵام ئەو لایەنانەی دژی ئەم پرۆژەیە دەوەستنەوە، ئەوانن کە دەترسن هاووڵاتی خاوەن ئیرادە بێت و هاووڵاتی خاوەن بڕیار بێت. دەیانەوێت هاووڵاتی هەمیشە گیرۆدەی دەستی ئەوان بێت. ئەوان بچن مووچەیان بۆ دابین بکەن و ئەگەر بە قسەی ئەوان نەکەن مووچەیان لێببڕن. بۆیە دژی دەوەستن، بۆیە من داوا دەکەم نەک تەنیا لە ئێوە، بەڵکو لە هەموو تاکێک لە سلێمانی، گەرمیان، بیتوێن، پشدەر و هەڵەبجە و هەموو شوێنێکی کوردستان، لە دز و جەردە مەترسن، ئەمە پرۆژەیەکە بۆ ئێوەیە و خۆتان چیتان دەوێت دەتوانن بیکەن، کەسیش ناتوانێت رێتان لێبگرێت و ئەو پرۆژەی بەرژەوەندی هیچ تاک و لایەنێکی سیاسیی تێدا نییە."
 

 
"کێشە بۆ یەکخستەنەوەی پێشمەرگە دروست دەکرێت"
 
دواتر مەسرور بارزانی دێتە سەر باسی پرسێکی دیکە، ئەویش پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، لەوبارەیەوە گوتی "ئەو لایەنانە هەوڵیانداوە پرۆژەکانی حکومەت سەرکەوتوو نەبێت. پرۆژەیەکی دیکەش یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، کە نەیانهێشتووە وەکو پێویست پرۆژەکە بەڕێوەبچێت و هەرچەندە دژایەتیشی کراوە، هەنگاوی باشی بۆ هاوێژراوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک قابیلی قبوڵ نییە، کە میلیشیا دروست بکرێت و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و حیزبی پەلاماری لایەنی سیاسیی دیکە بدرێت، یان پەلاماری بنکەی رۆشنبیری بدرێت، یان خەڵکی دژی خۆیان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێ بترسێنن. ئەمە بەهیچ شێوەیەک لەژێر دەوڵەتی یاسا جێگەی قبوڵ نییە." 
 
"لایەنەکان درووشمیان بۆ خەڵک پێ نییە"
 
لەدرێژەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باس لە جیاوازییەکانی بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکات. 
ئەو گوتیشی "ئەگەر لایەنەکانی دیکە شانازی بە هێزی بیانی دەکەن، ئێمە پشتمان بە خەڵکی خۆمان ئەستوورە. ئێمە کە دەنگ دەدەین بڕیار لە چارەنووسی وڵات و شێوازی حکومڕانی دەدەین، دەبێت وریا بین، کە حکومڕانی داهاتوو رادەستی کێ دەکەین، دەبێت بزانین رابردووی ئەم لایەنانەی کە داوا دەکەن لەم هەڵبژاردنە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان وەرگرن دەبێت بزانن کێن و رابردوویان چییە و چ بەرنامەیەکیان هەیە، ئەم بڕیارانەی ئێوە چارەنووسی ئێوە و نەوەکانتان دیاری دەکەن، زۆر بە وردی بڕیاری خۆتان بدەن." 
 
هەروەها مەسرور بارزانی، گوتیشی "ئەوان بە ئێمە دەڵێن کۆتاییتان پێ دەهێنین و راتان دەگرین. نەک ئێستا لە سەرەتای دروستبوونی پارتی تاوەکو ئێستا زۆر لەو لایەنانە هەبوون، کە هیچ ئامانجێکیان نەبووە، جگە لەوەی بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن و نەهێڵن پارتی سەرکەوێت و ئەو گەلە بە کەناری ئارامی بگات. لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ راگرتنی کاروان و خەباتی تێکۆشانی پارتی بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەن".
 
"دەستی ئاشتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین" 
 
لەگەڵ ئەوەش، جێگری سەرۆکی پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان وەکو پارتی دەرگایان بۆ هەموو لایەک واڵایە، بەڵام دەبێت ئەو لایەنانەش سیاسەتەکانی خۆیان بگۆڕن.
 
مەسرور بارزانی لەسەر ئەو پرسە رایگەیاند "دەستی ئاشتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین. بەڵام دەبێت ئەوانیش یان خۆتان چاک بکەن و بگەڕێنەوە بەرەی نیشتمان، یانیش بار بکەن و بڕۆن، چونکە ئەگەر وانەکەن، ئەوا بە دەنگی خەڵکی کوردستان شار بەدەر دەکرێن." 
 
"پارتی یانی ئاوەدانی"
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، لە سۆران و بە ئامادەبوونی بە هەزاران لایەنگرانی پارتی، مەسرور بارزانی، پارتی ئامانجیەتی "حکومڕانی شایستە خزمەتی هاووڵاتی بکات و رەزامەندی خەڵک بۆ پارتی پێوەرە. هەر شوێنێک پارتی لێ بێت، ئاوەدانی و سەقامگیریی لەوێ هەیە. پارتی دەیەوێت ئابووریی وڵات فرەچەشن بێت. کەرتی کشتوکاڵمان بەرەو پێشبردووە و زیاتریش پێشیدەخەین. رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی کارگەکانی کەرتی پیشەسازی زیاتر دەبن. نامانەوێت گەنج روو لە هەندەران بکات و دەمانەوێت هاوکارییان بکەین تواناکانی خۆیان بەکاربهێنن، تاوەکو خزمەت بە وڵاتەکەیان بکەن. هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە و هەوڵمانداوە کارەبای 24 کاژێری دابین بکەین. دەمانەوێت بۆ هەموو کوردستان کارەبای 24 کاژێری دابین بکەین."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوردستانعێراق

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چەندین جیاوازی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی رابردوودا هەیە، سیستەمی چواربازنەیی و کەمکردنەوەی کورسییەکانی کۆتا دیارترین جیاوازییەکانی ئەم هەڵبژاردنەن.