پارتی لە دهۆک: پێشبینی دەکەین لەسەر ئاستی پارێزگاکە 20 کورسی بەدەستبهێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەڵێت پێشبینی دەکەن لە پارێزگاکە 20 کورسی بەدەستبهێنن. 
 
خالید ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، میوانی بەرنامەی بەکاتی دهۆک بوو لە ستۆدیۆی رادیۆی رووداو، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک بابەت لەوانە کەرنەڤاڵی 12ـی ئەم مانگەی پارتی لە دهۆک، هەروەها پێشبینییان بۆ ژمارەی کورسییەکان.
 
بانگەشەی پارتی لە دهۆک
 
خالید ئەحمەد لەبارەی بانگەشەکانی داهاتووی پارتی گوتی ''پلانێكی گەورەمان بۆ کەرنەڤاڵی 12ـی ئەم مانگە لە دهۆک داناوە و جارێ لیژنەی باڵا یەکلای نەکردووەتەوە کام سەرکردانەی پارتی تێیدا ئامادە دەبن''.
 
دابەزینی رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی رابردوو بەهۆی یاساکەوە بووە
 
خالید ئەحمەد پێی وایە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "یاسایەکی سەقەت" بوو، بووە هۆی دابەزینی رێژەی دەنگدان و لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانیش گوتی، ''ململانێی ئەمجارە زۆر تووندە و بەربژێرەکان کێبڕكێ لەسەر ژمارەی دەنگی هاووڵاتییان دەکەن و، هەمیشە رێژەی بەشداری لە دهۆک بەرزبووە، لەبەرئەوە پارتی گرنگییەکی زۆر بە دهۆک و ناوچەی بادینان دەدات''. 
 
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان، 8 بەربژێری شارەکانی دیکە بە دەنگی دهۆک دەرچوون
 
خالید ئەحمەد لەبارەی هەڵبژاردنی رابردوو و سەنگی دەنگی دهۆک لە یەک بازنەییدا، گوتی ''لە هەڵبژاردنی 2018 کە یەک بازنە بوو، نزیکەی 8 بەربژێر لە لیستی پارتی بە دەنگی خەڵکی دهۆک سەرکەوتوو بوون و، هۆکاری بەشداریی زۆری خەڵکی دهۆک ئەوەیە؛ باوەڕی تەواویان بە پرۆسەی سیاسی هەیە و دەنگدەری دوودڵ نین.'' 
 
رێژەی 84٪ـی خەڵکی دهۆک کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە
 
خالید ئەحمەد لەبارەی رێژەی دەرهێنان و وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری رایگەیاند ''84٪ـی خەڵکی دهۆک کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە و 16٪ـش ناویان لە لیستی بایۆمەتریدا نییە و ناوەکانیان لە لیستی دەنگدان دەرهێنراوە و مافی بەشداریکردنیان نییە''. لە پاڵ ئەمانەش نزیکەی 13 هەزار کارت ماونەتەوە و خاوەنەکانیان وەریان نەگرتووەتەوە، کاردەکەن ئەو کەسانەش کارتەکانیان وەربگرنەوە.
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەڵێت ''پێشبینی دەکەم رێژەی بەشداری لە 65-70٪ دەبێت و پارتی نزیکەی 20 کورسی بەدەستدەهێنێت، بەپێی لێکدانەوە و خوێندنەوەکانمان؛ رەنگە پارتی چانسی ئەوەی هەبێت تاوەکو نزیکەی 20 کورسی بەدەستبهێنێت لە دهۆک، ئەگەر بەشێوەیەکی باش لەگەڵ رێکخستنەکانمان کار بکەین، چونکە لە رووی تەکنیکییەوە زۆر خاڵ لەبەرژەوەندیی ئێمەیە''.

 

 
بەگوتەی خالید ئەحمەد؛ لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی هەڵبژاردن دواخراوە، بەرنامەیەکی باشیان داڕشتووە و پلانی گرنگیان داڕشتووە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و گەشبینن بە دەنگدەران و متمانەیان بە رێکخستنەکانی خۆیان هەیە.
 
'لایەنێک هەیە هاوبەشی ئێمەیە و ئەمڕۆ خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن نیشاندەدات'
 
خالید ئەحمەد لەبارەی پرۆسەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن رەخنە لە یەکێتی دەگرێت و باسی پلان و بەرنامەکانی پارتیشی کرد بۆ دهۆک و کوردستان و گوتی ''پێمانوایە گوشارەکان لەسەر گەل و خەڵکی کوردستان ئیرادەیانی بۆ دەنگدان بەهێزترکردووە. دەنگدانی ئەم جارە جیاوازە و دەنگدەر هۆشیارترە، خەڵکی بەراوردی کار و کردەوەی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات و دەزانێت دەنگ بە کام لایەن دەدات، چونکە روون و ئاشکرایە لایەنێک هەیە هاوبەشی ئێمەیە و ئەمڕۆ خۆی وەکو ئۆپۆزیسیۆن نیشاندەدات''.
 
خالید ئەحمەد گوتیشی ''لایەنەکانی بەرامبەر پارتی بەرنامە و پڕۆژەیەکی گەورەیان نییە و ناتوانن لە ئاستی کارکردن بگەنە پارتی، چونکە پارتی خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە و راستگۆیە لەگەڵ خەڵکی خۆی، چاوەڕێمان دەکرد یەکێتی بەرپرسیارانەتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە بکردایە، چونکە ئەو لایەنێكی سیاسی گرنگە لە پرۆسەی سیاسی و مێژووییەکی درێژی هەیە''.
 
 
''بەهۆی رێککەوتنی سیاسییەوە لەگەڵ یەکێتی و پێکەوە دەستکەوتی باشمان هەبووە، دەبوو لۆژیکیانەتر بانگەشەی بکردایە نەوەک بەو شێوازە و گوتارە نەشازە قسە بکات و قسەکانیان واقیعی نییە و دووربینانە نییە، هەروەها خەڵکی کوردستان بەو جۆرە گوتارانە ناڕەحەت دەبن و ئەو جۆرە گوتارانە کاریگەری لەسەر دەروونی دەنگدەران دەبێت، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە لەلایەن خەڵکی دهۆکەوە قبووڵکراو نییە و پێشوازی لێ ناکەن'' ئەمانەش بەشێکی دیکەی قسەکانی خالید ئەحمەد بوون.
 
بەهای کورسییەکی پەرلەمان 18 هەزار دەنگە و، یاساکە لەبەرژەوەندی سەربەخۆکان نییە
 
خالید ئەحمەد لەمیانەی بەرنامەی بەکاتی دهۆک گوتی ''بەپێی پێشبینییەکانی ئێمە بەدەستهێنانی کورسییەک نزیکەی 18 هەزار دەنگی پێویستە و یاساکە لەبەرژەوەندیی لیستی بچووک و سەربەخۆکان نییە، رەنگە ئەو کەسانە خوێندنەوەیەکی باشیان بۆ دۆخەکە نەکردبێت و دەتوانم بڵێم چانسیان نییە.'' 
 
پارتی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەموو جۆرە یاسایەکی هەڵبژاردندا بکات
 
خالید ئەحمەد لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و یاسای ئەم جارە گوتی ''خۆزگە هەڵبژاردنی ئەم جارە یەک بازنە بووایە و ئێمە پێداگیریمان دەکرد لەسەر ئەو بابەتە، فرەبازنەیی دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر خەرجیی حیزبەکان، چونکە ناچارن زۆرترین بەربژێر دیاری بکەن و لە هەموو بارێکدا پارتی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەموو جۆرە یاسایەکدا بکات''.
 
 
بەرپرسەکەی پارتی پێشبینیدەکات پارتی سەرووی 40 کورسی بەدەستبهێنێت
 
خالید ئەحمەد لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەڵێت ''بانگەشە گەرمە لە هەڵبژاردن و پێشبینی تاکەکەسیم بۆ کورسییەکانی پارتی لە دەرەوەی پێشبینی ناحەزان دەبێت و سەرووی 40 کورسی دەهێنێت لەسەر ئاستی کوردستان.'' 
 
لە کۆتاییدا خالید ئەحمەد گوتی پێموایە بەربژێرەکانی ناحیە و قەزاکانی دهۆک چانسیان زیاترە لەوانەی لە ناوەندی دهۆکن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دا 2 ملیۆن و 899 هەزار و 623 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە

نزیکەی 200 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کەم بووە

سەرەڕای زیادبوونی شەش تەمەنی دەنگدان، بەڵام ژمارەی ئەوانەی لەم خولەی هەڵبژاردن دا مافی دەنگدانیان هەیە، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 200 هەزار کەم بووە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش نزیکەی 380 هەزار دەنگدەر کەم بووە. زۆرترین کەمبوونی دەنگدەریش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە.