نێچیرڤان بارزانی: لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەولێر و بەغدا کلیلی سەقامگیریی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و "دۆخى گشتيى عێراق، ناوخۆ، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان" تاوتوێ کرد.
 
رۆژی چوارشەممە، 09-10-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستيڤن هيچن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ پرۆسه‌ى ده‌نگدان خواست."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداش، هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ر بكرێن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "لێکتێگەیشتنی هاوبه‌شی هه‌ولێر و به‌غداى به‌‌ کلیلی سه‌قامگیریی عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق "هەلومەرجی رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و مه‌ترسيى فراوانبوونى گرژييه‌كان و ئاڵۆزبوونى زياترى ڕەوشەکە" باسکران.
 
نێچیرڤان بارزانی و ستیڤن هیچن "داكۆكييان له‌ پێويستيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و ‌دوورخستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى شه‌ڕ و پێكدادان و لێكه‌وته‌كانى كرده‌وه‌." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت.