کۆمیسیۆن: دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەستپێدەکاتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 20ی ئەم مانگە دابەشکردنی کارتە بایۆمەترییەکان رادەگیرێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، ئەو کارتە بایۆمەترییانەی خاوەنەکانیان تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن وەریناگرنەوە، دوای تەواوبوونی کاروبارەکانی هەڵبژاردن، دابەشکردنی کارتەکان دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کارتە بایۆمەترییانەی کە دەمێننەوە و تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن خاوەنەکانیان وەریناگرنەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات کە ئایا کۆمیسیۆن چ رێکارێک لەبارەیەوە بگرێتەبەر."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە کۆمیسیۆنەوە دەست رووداو کەوتوون، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو کارتانە کۆدەبێتەوە و بابەتەکە یەکلایی دەکەنەوە.
 
ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی گوت، "یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەم شێوەیە دەبێت؛ ئەو کارتە بایۆمەترییانەی تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن وەرناگیرێنەوە، لە ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان کۆدەکرێنەوە و دوای تەواوبوونی کاروبارەکانی هەڵبژاردن و یەکلاییکردنەوەی سکاڵا و تانەکان، دووبارە دابەشکردنی کارتەکان لە ئۆفیسەکانمان دەستپێدەکاتەوە."
 
دوایین ئاماری دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
 
هەولێر
 
خاوەنەکانی کارتی بایۆمەتری: یەک ملیۆن و 15 هەزار و 670 کەس
کارتی دابەشکراو: 981 هەزار و 182 کارت
کارتی ماوە: 34 هەزار و 488 کارت
رێژەی وەرگیراوە: 96٪
 
دهۆک
 
خاوەنەکانی کارتی بایۆمەتری: 737 هەزار و 856 کەس
کارتی دابەشکراو: 723 هەزار و 141 کارت
کارتی ماوە: 14 هەزار و 715 کارت
رێژەی وەرگیراوە: 98٪
 
سلێمانی و هەڵەبجە
 
خاوەنەکانی کارتی بایۆمەتری: یەک ملیۆن و 146 هەزار و 97 کەس
کارتی دابەشکراو: یەک ملیۆن و 61 هەزار و 287 کارت
کارتی ماوە: 84 هەزار و 810 کارت
رێژەی وەرگیراوە: 92٪
 
5ی تشرینی یەکەم عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "پێدانەوەی کارتی بایۆمەتری بە دەنگدەران بەردەوامە و کاتەکەشی تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی 20ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە؛ کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی دەنگدان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامێرێکی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

کۆمیسیۆن: ئامێرەکانی دەنگدانی گشتی ناوی دەنگدەرانی تایبەت ناخوێننەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هیچ دەنگدەرێکی تایبەت ناوی لە لیستی دەنگدەرانی گشتی نابێت و جیاکراونەتەوە