وەزارەتی دارایی لەبارەی کێشەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70: ئێمە بەرپرس نین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لەبارەی نەدانی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەرپرس نییە و بەرپرسانی هێزەکە خۆیان بەرپرسیارن. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی: "بەغدا تەنیا مانگی دوو و سێ پارەی بۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 ناردووە، لە مانگی چوارەوە یەک دینار لە بەغداوە نەهاتووە. لە چوار مانگی رابردوودا وەزیری دارایی لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆی بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانی داوە بە مەرجێک لە ماوەی مانگێکدا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەڵام دیارە هێشتا کێشەکانیان بەردەوامە".
 
هونەر جەمال لەسەر ئەو بابەتە زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی: "وەزیری دارایی هیچ ناچار نییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرێت لەکاتێکدا هیچ دۆسیەیەک، هیچ نووسراوێکیان نە لە وەزارەتی دارایی، نە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی، نە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری و نە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە نییە، دەبێت ئەو بەڵگانە هەبن ئینجا مووچەکانیان خەرج دەکرێت".
 
هونەر جەمال گوتی، "کێشەمان لەگەڵ ئەوان نییە، بەڵکو کێشەکە یاساییە و لەسەر بڕیاری دیوانی تیمی چاودێریی دارایی ‌هەرێمی کوردستان و عێراق مووچەکانیان راگیراوە".
  
لەبارەی کێشەی مووچە، هونەر جەمال گوتی، "لە مانگی 7ـەوە بە تەواوی کێشە بۆ مووچە دروستبووە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەستا بە بڕینی مووچەی کۆمەڵێک چین و توێژ بە بیانووی جیاواز. لە مانگی 7 زیاتر لە 600 ملیار دیناری لە ئێمە بڕی. دوای ئەوەی وەزاری ئابووری هاتنە هەولێر و لەگەڵیان دانیشتین، روونکردنەوەی تەواومان پێدان و مەبدەئیەن رێککەوتین لە ماوەی چەند مانگێكدا تاوەکو کۆتایی ساڵ هەموو کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێت، ئەوانیش کردیان بە راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو پارە و لێبڕینانەی هەبوون خەرج بکرێن".
 
وەکو هونەر جەمال باسی کرد، بەغدا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەشێکی پارەکەی خەرج کرد، بەڵام "ئێستا چوار کێشە ماوە بۆ ئەوەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت، بەشێکیان ئەوانەن بایۆمەترییەکانیان دووبارە بووەتەوە یان ناوی لەیەکچوومان هەیە لە چەند وەزارەتێک، ناوەکان لەیەک دەچن، بەڵام ناوی دایک و تەمەنیان جیاوازن".
 
لەبارەی ئەو گرفتانە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد، "کێشەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانمان هەیە، بەداخەوە ئەوەی پەرلەمان لەسەر زیادکردنی چەند ناوێک، چەند مانگێکە مووچەیان بۆ نەهاتووە، نەناردنی مووچەی ئەم شوێنانە پەیوەندی بەو تێبینییانە هەیە نەک شتێکی دیکە".
 
گوتیشی، "کێشەی فەرمانبەرانی ناوچە دابڕێندراوەکانمان هەیە، روونکردنەوەی پێویستمان پێداون، چاوەڕوانین و بڕیاریان داوە دوای ئەو روونکردنەوانە ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕبکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت".
 
لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من"، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، پڕۆژەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەردەوامن لە کارکردن لەو پڕۆژەیە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەنگدەرێک لەکاتی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو پەنجە مۆر دەکات

کۆمیسیۆن: وادەى دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردن لە هەر دۆخێکدا بێت درێژ ناکرێتەوە

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ماوەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان درێژ ناکرێتەوە و لەکاتی دیاریکراوی خۆی کە 6:00ی ئێوارەیە سندووقەکان دادەخرێن