کۆمیسیۆن سکاڵاى دوو بەربژێر و لیستێک رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سێ سکاڵا رەتدەکاتەوە کە دوو بەربژێر و لیستێک لەسەر پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا تۆماریان کردووە.
 
ئەو سکاڵایەنە لە 7ى تشرینى یەکەمی 2024 لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە رەتکراونەتەوە. یەکێک لەو سکاڵایانە لەلایەن رۆشنا رەفیق، بەربژێرى ژمارە 9ى لیستى نەوەى نوێ لە بازنەى سلێمانى تۆمار کراوە، بە پاساوى نەبوونی بەڵگەی پێویست رەتکراوەتەوە.
 
سکاڵایەکى دیکە، لەلایەن دیارى محەممەد مەجید، بەربژێرى ژمارە 22ى لیستى پارتى دیموكراتى کوردستان لە بازنەى سلێمانى تۆمار کراوە، بڕیارى کۆمیسیۆن ئەوە بوو کە بەڵگەى پێویست بۆ ئەو سکاڵایەش بەردەست نەبووە.
 
دیارى محەممەد مەجید، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "26ى ئەیلوول پۆستەرێکم بە ستوونێکەوە هەڵواسیوە، دواى چەند کاژێرێک لێکراوەتەوە و پۆستەرى بەربژێرێکى دیکەى پێوەکراوە، بە بەڵگەی وێنەیی کاتى دانانی پۆستەرەکەى خۆم و لابردنیشیم داوەتە کۆمیسیۆن."
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سکاڵایەکى شاسوار عەتا ساڵح، رێگەپێدراوى یاسایی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانى بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندیى کۆمیسیۆن دا نییە، رەتکردووەتەوە کە لە 22ى ئەیلوول تۆماری کردبوو.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەشی سکاڵاکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو سکاڵایانەى رەتکراونەتەوە پەیوەستن بە پێشێلکاريى بانگەشەى هەڵبژاردن و هەڵواسینى پۆستەر لە شوێنى رێگەپێنەدراو، یان دڕاندن و لادانى وێنەى بەربژێران.
 
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و لە 15ى ئەم مانگە کۆتایی دێت. بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆن لە ماوەی 13رۆژی بانگەشە، 30 سکاڵا و 22 سەرپێچی تۆمارکراون.
 
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت.