ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی: ئێمە رازی نەبووین گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکات
دێسکی هەڵبژاردن
دوو هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان کارنامەی بڵاونەکردووەتەوە. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی دەڵێت، "ئێمە رازی نەبووین گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردن بکات."
لە 25-9-2024ـەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و 15ـی ئەم مانگەش کۆتایی دێت، تەنیا شەش رۆژ لەبەردەم لایەنەکان ماوە بۆ بانگەشە و دواتر بانگەشەکردن قەدەخە دەکرێت.
هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا کارنامەمان زارەکییە و بەشێوەی نووسراو بڵاومان نەکردووەتەوە."
ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان تووشی کێشەی نێوخۆیی بووە و دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا (بەرەیەک پشتگیریی لە دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی دەکەن و بەرەیەکی دیکەش لەگەڵ کوڕانی نەوشیروان مستەفان و دان بە رێکخەرە نوێیەکە دانانێن و بە نایاسایی دەزانن).
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09.10.2024، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوەدا نەبووە گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات، بۆیە ناچینە ژێر باری هیچ بەرپرسیارێتییەک."
نزار مەحموود گوتی: "جڤاتی نیشتمانی پاڵپشتیی بەربژێرەکان دەکات، بەڵام کارەکانی دیکە لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی گۆڕان رایدەپەڕێنێت."
رۆژی 7-10-2024، چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەکە، بە رووداوی گوت: "پێشتر کارنامەی لیستی گۆڕانمان ئامادەکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتین، بڵاوکردنەوەی کارنامەکە دواکەوت."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکات.