پارێزگای ئامەد گردبوونەوەی دەم پارتی بۆ ئۆجەلان قەدەخە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای ئامەد گردبوونەوەی جەماوەریی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد قەدەخە کرد, کە بڕیارە رۆژی 13ی تشرینی یەکەم بکرێت و تێیدا داوای لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگاوە بڵاوکراوەتەوە، نەک تەنیا گردبوونەوەکەی دەم پارتی، بەڵکو بۆ 5 رۆژ ئەنجامدانی هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک لە سنووری ئەو پارێزگایە، قەدەخەیە.
 
پارێزگای ئامەد لە راگەرێندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکات، لەوانەیە لە چوارچێوەی بانگەوازەکانی پەکەکەدا "چالاکیی تێکدەرانە و چالاکیی دیکە دژی یەکێتیی نیشتمانی" بکرێت، ئەوەش لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئاسایش و ئارامیی خەڵک تێکدەدات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێکرا، چەند رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر. بۆ نموونە، لە کاژێر 00:01ی رۆژی چوارشەممە نۆ ـی تشرینی یەکەم تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەم، سەرجەم چالاکییەکانی وەک رێپێوانی جەماوەری، گردبوونەوە، دانانی ستاند، هەڵدانی خێوەت، هەڵواسینی لافیتە و رێکخستنی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە سنووری پارێزگاکەدا قەدەخەیە.
 
دەم پارتی بڕیاریداوە لە 13ی ئەم مانگەدا لە ئامەد گردبوونەوەیەک سازبکات بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر "پرسی کورد و دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە." بۆ ئەم مەبەستەش ماوەیەکە ئامادەکاری کردووە و خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکەدا.