لە شەوی رابردووەوە تورکیا 17 جار لە ئاسمان و زەوییەوە رۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کردووە

09-10-2023
سیروان عەباس
دیمەنێکی بۆردوومانەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان
دیمەنێکی بۆردوومانەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە درەنگی شەوی رابردووەوە، سوپای تورکیا بە تۆپی دوورهاوێژ، فڕۆکە و درۆن، چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەری کردووەتە ئامانج. تاوەکو ئێستا 17 هێرشی کردووە و بەردەوامە، بەپێی دوایین زانیارییەکان، 14 کەس کوژراون.
 
هێرشەکانی تورکیا، لە ئاسمان و زەوییەوە، لە درەنگی شەوی رابردوو دەستیان پێکرد و تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-10-2023) بەردەوامبوون و لەئەنجامدا جگە لە زیانێکی زۆری مادی، دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
 
ئەو ناوچانەی لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج:
 
- بەیانی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا گوندەکانی شێخ عیسا، بێلوونێ، فڕۆکەخانەی منغ و عەین عیسای لە ناوچەی شەهبا تۆپباران کرد. 
- کاژێر 21:35ـی شەوی رابردوو، ناوەندی ناحیەی عەین عیسا و رێگەی نێودەوڵەتی M4 بۆردوومانکران.
- کاژێر 19:00، خاڵێکی سەربازیی سەر بە حکومەتی سووریا لە سنووری دێرک بۆردوومان کرا.
- کاژێر 19:00، سنووری ناحیەی تلڕەفعەت بۆردوومان کرا.
- کاژێر 18:00 گوندەکانی عەین دیوار و گەردەمییە لە دێرک بۆردوومان کران.
- کاژێر 15:15 ناحیەی شەرا بۆردوومان کرا.
- کاژێر 22:15، فڕۆکە جەنگییەکان کێڵگەی نەوتی وەکر و گوندی گرداهۆلیان لە تربەسپی بۆردوومان کرد.
- کاژێر 22:21، دەوروبەری کۆبانێ بۆردوومان کرا.
- کاژێر 22:30، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بە چڕی کێڵگەیەکی نەوتیان لە سنووری دێرک بۆردوومان کرد.
- کاژێر 22:35، دەوروبەری ناحیەی تربەسپی تۆپباران کرا.
- کاژێر 22:41، ناوەندی ناحیە زرکان و دەوروبەری بۆردوومان کران.
- کاژێر 22:50، رۆژهەڵاتی ناحیەی عاموودا تۆپباران کرا.
- کاژێر 23:00، ناحیەی تلڕەفعەت بۆردوومان کرا.
- کاژێر 23:17، سنووری قەزای منبج بۆردوومان کرا.
- کاژێر 23:41، گوندێکی سنووری ناحیەی تلتەمر بۆردوومان کرا.
- کاژێر 23:51 سنووری ناحیەی تربەسپی بۆردوومان کرا.
- کاژێر 23:55ـی شەوی رابردوو، بنکەی ئاسایشی گوندی کۆچەرات لە دێرک بۆردوومان کرا.
- کاژێر 1:17ـی بەیانی، دەوروبەری شیراوا لە سنووری عەفرین تۆپباران کرا.
 
لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی تورکیا، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 14 کەس لە رۆژئاوای کوردستان پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هێرش و تۆپبارانەکانی شەوی رابردووی تورکیا (یەکشەممە، 8-10-2023) بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەریی خۆسەر، 11 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون.
 
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی دێرکی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت، "سێ تەرم و 25 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکە."
 
بۆردوومان و تۆپبارانەکانی شەوی رابردووی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان:
 
لە شەوی رابردووەوە سوپای تورکیا دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ کردووە و ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بۆردوومان کرد و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گیانلەدەستدان و بریندار هەن. هێرشە مووشەکییەکە پێش کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو بووە، لە ئەنجامدا سێ مووشەک بە ئەکادیمیای شەهید نەسرین کەوتوون. ئەو ئەکادیمیایەی کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە گوندی حەمزەبەگ لە ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو هێرشەدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی تەواو و فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان نە لەلایەن ئاسایش و نە لەلایەن تەندروستیی رێڤەبەریی خۆسەر بڵاونەکراونەتەوە.
 
هەر درەنگی شەوی رابردوو، تورکیا دەوروبەری دێرکی لە جزیرەی رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد و بەپێی زانیارییەکان، گوندەکانی عەین دوار و گەردەمکێ بە چڕی تۆپباران کراون.
 
هاوکات، وێستگەی کارەبای تقل بقل لە تربەسپی و گوندی هەمزەبەگیش لە ناوچەی کۆچەرانی سەر بە دێرک بۆردوومان کراون.
 
هەروەها ناوەندی ناحیەی زگران و دەوروبەرەکەی لە باکووری تلتەمر تۆپباران کران. هەر لەو هێرشە ئاسمانی و زەوینییەی سوپای تورکیا کە بە تۆپی دوورهاوێژ، فڕۆکە و درۆن کردوونی، گوندەکانی تەویلە، تلتەویل، گۆزەلیێ و دەردارێ لە سنووری ناحیەی تلتەمر تۆپباران کراون.
  
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کاژێر 22:00ـی شەوی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزە ئاسمانییەکانمان، شەش پێگە و دامەزراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی لە باکووری سووریا بۆردوومان کرد. تەواوی ئامانجەکان پێکران و تێکشکێندران کە بنکەی چەکداری، جبەخانە، حەشارگە و دامەزراوەی نەوتی دەگرنەوە."
 
دەشڵێت، "لەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا، تەواوی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان خۆماڵین و ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان کراونەتە ئامانج. دووپاتی دەکەینەوە، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت."
 
یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزەکانی هەسەدە لە دوایین راگەیێندراویدا دەڵێت، "هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی یابیسە لە نزیک گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریدا بەهۆیەوە، شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون."
 
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبای تقل بقل لە ناوچەی دێرک و هەروەها پێگەکانیان لە دەشتەکانی عامودێ و تلرفعەت و شەهبا بۆردوومانکرد." 
 
هەسەدە، رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێرشێکیان کردبووە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی دابق و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژراون و 12 سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەم بۆردوومانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو "گەریلای پەکەکە" هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.