وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت 150 شەڕڤان و گەریلایان کردووەتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە 1 تا 8ی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بەرفراوانیان لە دژی ئامانجەکانی پەکەکە و یەپەگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان کردووە و گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا چەندین ئامانج، پێگە و سەرچاوەی داهاتی "رێکخستنی تیرۆریستی" لەناوبران و زیاتر لە 150 شەڕڤانی یەپەگەش کراونەتە ئامانج.
 
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2023، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە مەراسیمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە شاری ئەستەنبوڵ باسی لە دوایین ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان کرد.
 
گولەر رایگەیاند، لە رۆژانی 1 و 3 و 4ی تشرینی یەکەم لە باشووری کوردستان و لە رۆژانی 5 و 6و 8ی تشرینی یەکەم لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بەرفراوانیان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە کردووە و دەڵێت: "لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووانەدا ژمارەیەکی زۆر ئامانج، پێگە و سەرچاوەی داهاتی رێکخراوە تیرۆریستییەکە لەناوبران و زیاتر لە 150 تیرۆریست کرانە ئامانج."
 
وەزیری بەرگریی تورکیا هەڕەشەی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و گوتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە جەخت لەوە بکەمەوە کە هەموو چالاکی و پێگەکانی پەکەکە/کەجەکە، پەیەدە و یەپەگە لە عێراق و سووریا ئامانجی رەوای ئێمەن."