گەنجێکی کورد بەشداری لە کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کورد بەشداری لە (کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت)دا دەکات، کە لە ژاپۆن بە سەرپەرشتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی 07-10-2023 کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت لە شاری کیۆتۆی ژاپۆن بە سەرپەرشتیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد. رەمەزان ئیسماعیل، گەنجێکی شاری هەولێرە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو تاکە نوێنەری عێراق بانگهێشت کراوە.
 
رەمەزان ئیسماعیل لە شاری کیۆتۆی ژاپۆنەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بە فەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوم و نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم."
 
رەمەزان ئیسماعیل گوتیشی، "کۆڕبەندەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێریی فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت و چەندین سەرۆک، سەرکردە و چالاکڤان لە وڵاتانی جیهانەوە تێیدا بەشدارن."
 
ئەو گەنجە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان تەنیا من بەشدارم، جگە لەوە دەیان گەنج، سەرۆک، وەزیر و بەرپرسی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن."
 
رەمەزان ئیسماعیل شێروانی دانیشووی شاری هەولێرە و لە ساڵی 2019وە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە باڵیۆزی گەنجانی جیهانی بۆ ئاشتی دەستنیشان کراوە.
 
18مین کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت لە شاری کیۆتۆی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 12ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
 
کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت (Internet Governance Forum)  گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت و کێشەکانی دەکات. نوێنەری حکومەتی وڵاتان، چالاکڤانان، شارەزایانی IT و ئینتەرنێت تێیدا بەشدار دەبن.
 
کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت لە ساڵی 2006 لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی راگەیێندرا و یەکەم کۆڕبەندیشی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2006دا بەست و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ساڵانە کۆڕبەندەکە بەڕێوەدەچێت.