دەیان کەس کوژران و برینداربوون لە بۆردوومانکردنی ئەکادیمیایەکی ئاسایش لە رۆژئاوای کوردستان

09-10-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای تورکیا لە تۆپباران و بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و لە شەوی رابردووەوە دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ کردووە و ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بۆردوومان کرد و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گیانلەدەستدان و بریندار هەن.

هێرشە مووشەکییەکە پێش کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو (یەکشەممە 08-10-2023) بووە، لە ئەنجامدا سێ مووشەک بەر ئەکادیمیای شەهید نەسرین کەوتوون. ئەو ئەکادیمیایەی کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە گوندی حەمزەبەگ لە ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەکی زۆر لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، بەڵام تائێستا زانیاریی تەواو و فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان نە لەلایەن ئاسایش و نە لەلایەن تەندروستیی رێڤەبەریی خۆسەر بڵاونەکراونەتەوە.

هەر درەنگانی شەوی رابردوو، تورکیا دەوروبەری دێرکی لە جزیرەی رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد و بەپێی زانیارییەکان، گوندەکانی عەین دوار و گەردەمکێ بە چڕی تۆپباران کراون.

هاوکات وێستگەی کارەبای تقل بقل لە تربەسپی و گوندی هەمزەبەگیش لە ناوچەی کۆچەرانی سەر بە دێرک بۆردوومان کراون.

هەروەها ناوەندی ناحیەی زگران و دەوروبەرەکەی لە باکووری تلتەمر تۆپباران کران. هەر لەو هێرشە ئاسمانی و زەوینییەی سوپای تورکیا کە بە تۆپی دوورهاوێژ، فڕۆکە و درۆن دەیانکات، گوندەکانی تەویلە، تلتەویل، گۆزەلیێ و دەردارێ لە سنووری ناحیەی تلتەمر تۆپباران کراون.

لە هێرشەکاندا، گوندەکانی شێخ عیسا و بێلوونێ و فڕۆکەخانەی منغ و عەین عیسا لە ناوچەی شەهبا تۆپباران کراون.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کاژێر 22:00ـی شەوی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزە ئاسمانییەکانمان، شەش پێگە و دامەزراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی لە باکووری سووریا بۆردوومان کرد. تەواوی ئامانجەکان پێکران و تێکشکێندران کە بنکەی چەکداری، جبەخانە، حەشارگە و دامەزراوەی نەوتی دەگرنەوە."

دەشڵێت، "لەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا، تەواوی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان خۆماڵین و ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان کراونەتە ئامانج. دووپاتی دەکەینەوە، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت."
 
یەکشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزەکانی هەسەدە لە دوایین راگەیێندراویدا دەڵێت، "هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی یابیسە لە نزیک گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریدا بەهۆیەوە، شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون". 
 
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبای تقل بقل لە ناوچەی دێرک و هەروەها پێگەکانیان لە دەشتەکانی عامودێ و تلرفعەت و شەهبا بۆردوومانکرد." 
 
هەسەدە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023یش هێرشێکیان کردبووە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی دابق و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژراون و 12 سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەم بۆردوومانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو گەریلای پەکەکە هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی باشماخ. وێنە: AA

زیاتر لە 12%ی ترانزیتی هەموو ئێران لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بووە

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سێ مانگدا بایی زیاتر لە یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزیت کراوە کە بەراورد بە پار، دوو هێندە زیادیکردووە.