فراکسیۆنی پارتی: لە بازگەی عەربەت بێ رێزی بە پەرلەمانتارێکمان کراوە و بێدهنگ نابین
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بازگەی عەربەت - سلێمانی "بێ رێزی" بە هەڵکەوت لالە ئەنوەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان کراوە. دەشڵێت، "بێ رێزیكردن به ههڤاڵانمان قبووڵكراو نابێت و بێدهنگ و بێ ههڵوێست نامانهێڵێتهوه."
رۆژی یەکشەممە 09-10-2022، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، لە بازگەی عەربەت - سلێمانی "بێ رێزی" بە هەڵکەوت لالە ئەنوەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان کراوە و "زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە."
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەو کارە "بە تووندی" ئیدانە دەکات و دەڵێت، "دژی هەر بێ رێزییەکین بە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەم بابەتە بۆ ئێمە مایەی قبووڵکردن نابێت."
بەگوێرەی ماددەی 24ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار نابێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان ماڵ و نووسینگەکەی پشکنینی بۆ بکرێت یان دەستگیربکرێت، بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان تەنیا لەو کاتەدا نەبێت کە تاوانێکی بینراوی ئەنجام دابێت. فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "پەرلەمانتار خاوەنی پارێزبەندییە و دوای خۆناساندنی دەبێت بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئینجا پەرلەمانتاری هەر لایەنێکبێت."
ئەو فراکسیۆنە، به رێكاری پهیڕهوی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات هەڵوێستییان لە بابەتەکەدا هەبێت و دەڵێت، "چاوەڕێی ئەوەین بەدواداچوونی جیدی بکەن."
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "بێ رێزیكردن به ههڤاڵانمان قبووڵكراو نابێت و بێدهنگ و بێ ههڵوێست نامانهێڵێتهوه."