سێیەم کەس لەسەر کوشتنی هاوکار جاف دەستگیرکرا

09-10-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 9ی ئوکتۆبەری 2022، کەسێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی عەقید هاوكار جاف لە نزیک شاری موسڵ دەستگیركرا کە ناوەکەی (سەرمەد رەشید)ـە، خەڵكی شنگالە و ئێستا دانیشتووی شارۆچكەی باشیکە. 
 
بە دەستگیركردنی سەرمەد رەشید، تا ئێستا سێ کەس بە تۆمەتی دەست هەبوون لە تاوانی کوشتنی هاوکار عەبدوڵڵا جاف لە هەولێر دەستگیرکراون. 
 
دوو کەسە دەستگیرکراوەکەی دیکە ناویان یاسر فەیسەڵ حوسێن و ئەحمەد فەیسەڵ حوسێنن کە برای یەکترن و پلەی سەربازییان مولازمی دووەمە. ئەو دوو کەسە رۆژی هەینی 7-10-2022 و ماوەیەکی کەم دوای تەقینەوەکە لە گەڕەکی شەهیدان لە نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران. 
 
بەپێی زانیارییەکان، یاسر و ئەحمەد خەڵکی گوندەی ئۆرتە خەرابی نزیک گۆگجەلین کە دەکەوێتە باشووری شاری موسڵ و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ هاوکار عەبدوڵڵا جاف کاردەکەن. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەی رابردوودا و لە میانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، یاسر و ئەحمەد دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و "حەوت بەڵگەش بەردەستن" بکوژانی عەقید هاوکار دەسەلمێنن. 
 
هەر لەبارەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی یەکشەممە 9-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لێکۆڵینەوەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و لە نزیکترین کاتدا ئەنجوومەنی ئاسایش دەقی دانپێدانان و هەموو زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە." 
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. 
 
هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران. 
 
ئەو ئەفسەرەی دژەتیرۆری یەکێتی ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بوو لە گەڕەکی سەربەستی نیشتەجێبوو، خێزاندار و باوکی 2 منداڵ بوو. هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف، بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام نزیکەی 7 مانگ بوو وازی لە کارەکەی هێنابوو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە