پۆلیسی گەرمیان لەسەر 'دانانی پلانی پێشوەختەی دزیکردن' سێ کەس دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیێنێت کە سێ کەسیان لەسەر دانانی پلانی پێشوەختەی دزیکردن دەستگیرکردووە کە لەسەر کاخەزێک پلانەکەیان داڕشتووە و نەخشەی کەلاریان کێشاوە.
موقەدەم عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ''درەنگی شەوی رابردوو ئاگادارکراینەوە لە حاڵەتێکی دزیکردن لە دووکانێکی جلوبەرگی پیاوان لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان لە 104ی کەلار گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان لە کاتی دزیکردندا سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن."
لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکان، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "تۆمەتباران لە نەتەوەی عەرەبن و دانیشتووی کەلارن، بەر لە ئەنجامدانی دزییەکە، پلانی تاوانەکەیان داڕشتووە و لەسەر پەڕەیەک نەخشەی کەلاریان کێشاوە و، شوێنی مەفرەزەکانی پۆلیسی 104 و بنکەکانی پۆلیسیان دەستنیشان کردووە بۆئەوەی دوای ئەنجامدانی دزییەکە بتوانن لە دەست هێزەئەمنییەکان رزگاریان بێت، بەڵام پلانەکەیان شکستی هێنا و دەستگیرمان کردن."
بەگوتەی گوتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان، دوای ئەوەی تۆمەتباران رادەستی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان کران، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (444) بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.