هەڵبژاردن لە عێراق پەرە بە بازرگانیی هاشتاک و ترێندی ساختە لە تویتەر دەدات

10-10-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری میدیای ژمارەیی رایگەیاند، دیاردەی هاشتاگی وەهمیی ناڕاستەقینەی پارە لێ خەرجکراو لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر بەربڵاوبووە و ئەندامێکی ئەو سەنتەرە دەڵێت: بەلانیکەم لە دوو زۆرترین هاشتاگەکانی عێراق ناڕاستن و تایبەتن بە بانگەشەی فراکسیۆن و بەربژێرەکان کە پارەیان لێ خەرجدەکەن تاوەکو ببنە زۆرترینی هاشتاگە پۆستکراوەکان.
 
سەنتەری میدیای ژمارەیی(DMC) رایگەیاندووە، زۆرینەی ترێندەکانی تویتەر لە عێراق لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا تا ئێستاش لەلایەن سوپا ئەلیکترۆنییەکانەوە یارییان پێدەکرێت و کۆمپانیای تویتەریش بێدەنگیی هەڵبژاردووە، ئەمەشی بەهەنگاوێکی مەترسیدار ناوبردووە.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "کڕین و فرۆشتنی هاشتاگە وەهمییەکان لە چەندین وڵات لەنێویاندا لە عێراق لە پەرەسەندیندایە و لە ماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەتەواوەتی پەرەی سەندووە".
 
سەبارەت بە نرخەکانیش لە تویتەر کە یەکێکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆ بەکاردەهێنرێت، دەڵێت "چەندین دەڵاڵ هەن کە هاشتاگەکان لەسەر ترێندەکان زیاد و بەرزدەکەنەوە و نرخەکانیش لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەپێی ژمارەی تویتەکانی هەر هاشتاگێک کاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخەکان هەیە".
 
سەنتەری میدیای ژمارەیی (DMC) داوا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەکات ئەو کێشانە چارەسەربکات و ئەو یاریکردنەی بە هاشتاگ و ترێندەکان بە مەترسیدار زانیوە کە کاریگەریی لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەبێت.
 
عەلی جاف، شارەزای بواری تەکنەلۆژیا و زانیاری لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە عێراق گرووپی هاککەری گەورە دروستبوون کە هەموو کارێکی نابەجێ لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵمیدیا دەکەن لەپێناو پارە، ئەم پرسەشیان کە ترێندی هاشتاگی وەهمی بەرزدەکەنەوە لە خزمەتی هەندێک لایەن و بەربژێر بەکاردەهێنن".
 
گوتیشی "بەرزکردنەوەی ترێندی هاشتاگ یەکێکە لەو کارانەی لەڕێگەی یەک کۆمپیوتەرەوە دەکرێت لەڕێگەی هێرش بۆ بردن واتە بۆ هاککردن نا، بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی ترێندی هاشتاگێکی دیاریکراو و ئەم کارە زۆر خراپ دەکەوێتەوە بەتایبەت زۆر دژە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروست و راست".
 
هاشتاگ بریتییە لە هێمایەک لەشێوەی پەنجەرەیەکدایە بەمشێوەیە #، لەڕێگەیەوە دەتوانیت بیکەی بە درووشم یان نووسینێک بۆ پاڵپشتیکردنی کەس یان لایەن یان دیاردە یان رووداوێک بەکاردێت و چەند ئەو نووسینە بەو هاشتاگەوە بڵاوبێتەوە زیاتر خەڵک لەگەڵیدا دەبێت و تەشەنە دەکات.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 10/10/2021 هەڵبژاردن لەعێراق بەڕێوەبچێت و جگە لە پارەی سیاسی و بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، زۆر جار چاودێرانی پڕۆسەی سیاسی لەعێراق و بەشێکی رێکخراوەکان باسیان لەوەکردووە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەخراپی بەکاردەهێنرێن و پارەیەکی زۆریان لێخەرج دەکرێت، بەتایبەت ئامارە فەرمییەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی 30 ملیۆن لەکۆی 40 ملۆن دانیشتووی عێراق ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.