لە کەرکووک کچە قوتابییەکی نابینا و خاوەنپێداویستیی تایبەت دەبێتە یەکەمی بەشی وێژەیی


رووداو دیجیتاڵ 

نیگار قاسم تەمەنی 29 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی نابینایە، خاوەن پێداویستیی تایبەتیشە، بەڵام توانیویەتی ببێتە یەکەمی بەشی وێژەیی لەسەر ئاستی خوێندنی کورد لە پارێزگای کەرکووک.
 
نیگار تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی بە خوێندنی خێرا تەواوکردووە و لە تاقیکردنەوەی دەرەکی خوێندنی 2020 - 2021 دا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئەو وانەکانی بە دەنگ بۆ تۆمارکراوە و رۆژانە گوێی لێگرتوون، ئێستاش دەیەوێت لە کۆلێژی زمانی عەرەبی درێژە بە خوێندن بدات.
 
ئەو خوێندکارە کوردە یەکەمەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی یاسای تەمەن لە خوێندن دوورخرامەوە و منیش وازمهێنا و نەمتوانی دەوام بکەم، تا ئەو کاتەی تاقیکردنەوەی دەرەکیم کرد و توانیم پلەی یەکەمی وێژەی لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی بە کۆنمرەی 92.83 بەدەستبهێنم، نابیناییم نەبووە رێگر لەبەردەم بەدەستهێنانی ئامانجەکەم، بەڵکو هۆکار بوو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەم و سەرەڕای نابیناییم، توانیم ئەم پلەیە بەدەستبهێنم."
 
ئیمان عیسام، بە دووەمی وێژەی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک دەرچووە، ئەو رۆژانە 15 بۆ 20 کاژێر سەرقاڵی خوێندن بووە و بەبێ بوونی مامۆستای تایبەت، توانیویەتی کۆنمرەی 92 بەدەستبهێنێت.
 
ئیمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتا بە کاژێر دەمخوێند و دواتر وازمهێنا، بە پێویستمزانی بیرم لەلای کاژێر نەبێ و زیاتر لە خەمی خوێندنەکەمدا بم، من مۆبایلم لەلابوو، بەڵام رۆژانە پێنج خولەک دەچوومە سەری تاوەکو بەئاگابم و بزانم چی روودەدات، لەبەرئەوە ئەوکات دەوام نەبوو و خوێندنیش بە ئۆنلاین بوو. سەرەتا کاژێر 11:00ـی شەو دەخەوتم و کاژێر 07:00ـی بەیانی بەخەبەردەهاتم، بەڵام لە دوومانگی کۆتاییدا کاژێر 11:00 دەخەوتم و کاژێر 03:00 هەڵدەستام لەخەو، وانەکانم دەخوێند تاوەکو کاتی خەوتن."
 
چوار ساڵە خوێندنی کورد لە کەرکووک، بەدەست کێشە و نەبوونی پێداویستیی خوێندنەوە دەناڵێنێت و لەگەڵ ئەوەش لە بەدەستهێنانی پلەی باشی خوێندن بەردەوامە.
 
پەروین فاتیح، بەرپرسی یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی بە رووداوی راگەیاند، ''خوێندکارمان هەیە ئێستا دووەمە لەسەر ئاستی عێراق و یەکەمە لەسەر ئاستی کەرکووک، ئەگەرچی بارودۆخەکە لەبارنەبوو، بەڵام ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کەسێک بیەوێت سووربێت لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، دەتوانێت."
 
جگە لە نیگار و ئیمان، 93 قوتابی دیکە کۆی نمرەکانیان لە سەرووی 90ـە، بەوەش خوێندنی کوردی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک پلەی یەکەمی بەسەر خوێندن بە زمانەکانی دیکەی بەدەستهێناوە.