راگەیێندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

09-10-2020
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن وەزارەتی پەروەردە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 10-10-2020 دەوامی فەرمیی قۆناخی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لەناو پۆل دەستپێدەکاتەوە، هەروەها خوێندنی پۆلەکانی سێیەمی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەییش بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە هەمان رێککەوتەوە دەستپێدەکات.

سەبارەت بەو قوتابخانانەی لە گوندەکانن و هێڵی ئینتەرنێتیان وەکو پێویست نییە و ژمارەی قوتابییەکانیان زۆر نین "بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و ماسک و دووریی دیاریکراوی نێوان قوتابیان، لە گشت ئاستەکان و قۆناخەکان دەوامی ئاسایی لەناو پۆل دەستپێدەکەن".

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەوەی کە ئەو شێوازی دەوامکردنە و پشتبەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناخەدا "بۆ سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابیان و روودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیکبوونەوەیە، لەگەڵ باشتربوونی رەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی".

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە:

رۆژی شەممە، ڕێکەوتی 10ی 10ی 2020، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی ، دەستخۆشیی و سوپاسمان هەیە بۆ ڕۆڵی مەزنی مامۆستایان ، جەخت دەکەینەوە  لە:

1- قۆناغی 1 و 2ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەوام دەستپێدەکەن.

2- لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن.

3- قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی: www.ewane.krd

قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان، لە هەمان کاتدا قوتابیانی ئەم قۆناغانە بە سێ رێگا دەتوانن لە پەیوەندی بن لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایانیان:

یەکەم: کارگێری قوتابخانە خشتەیەک دادەنێن بۆ قوتابیانی ئەو قۆناخانە ( 3 تا 11) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گرووپی (5 تا 6) قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە، لە قوتابخانە مامۆستای بابەت بەدواداچوون دەکات بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و شرۆڤە کردنی هەر وانەیەک کە قوتابیان پێویستیان بێت لەبابەتەکانیان و پاڵپشتی زانستیان.

دووەم: لەناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندی بن.

سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان  دەتوانن لە رێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن (گرووپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئاپ ـ تێلیگرام) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندی بن. کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکانی قۆناغی 3ی بنەڕەتیی تا 11ی ئامادەیی پەخش دەکات.

4- قوتابخانە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان، بۆ ئەو بابەتانەی پێویستیان بە ئامادەسازی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنها بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن.

5ـ قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

6ـ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی 10ی ئامادەیی، پاش دیاریکردن و هەڵبژاردنی بەشەکانی (زانستی ـ وێژەیی ـ  پیشەیی) دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەن، ئەمەش لە ماوەی هەفتەی یەکەم پێویستە لە قوتابخانەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قوتابی چ بەشێکی هەڵبژاردووە.

7ـ سەرپەرشتیاران رۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینن لە بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بۆ خوێندنی ناو پۆل و دیداری مامۆستایان لە گەڵ گروەپی (5 تا 6) قوتابی هەیە.

8ـ وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئەو شێوازی دەوامکردنە و پشتبەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و رودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە ، لەگەڵ باشتر بوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی.

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە 
9ی 10ی 2020

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە