هێزی پاسەوانی سنوور بارەگای لە شارۆچکەی کانی ماسی کردەوە

رووداو-دهۆک

پاسەوانی سنوور سەر بە حکومەتی عێراق بارەگایەکی گەورەی لە شارۆچکەی کانی ماسی سەر بە ئامیدی کردەوە، ئەرکیان پاراستنی ناوچە سنووریەکانی بەرواری باڵایە لە گەڵ تورکیا.ئەو هێزانە هاوکات چاودێری دەروازەی سەر زێڕیش دەکەن.


ئامانجی جێگریکردنی هێزە عێراقییەکە ئەوەیە، نائارامی ناوچەکە و گوندنشینەکان نەهێڵی کە بە هۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا دووچاری بوون. 

لە بارەگای هێزە عێراقییەکەدا زیاتر لە 500 سەربازی سنور جێگیرکراون کە هەموو کوردن و سەر بە لیوای یەکی پیادەن. عەمید دلێر فەرزەندە زێباری فەرماندەی لیوای یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ سوپای تورکیا لە سەر سنوور پەیوەندییەکی تازە بونیات دەنێن و ئومێد بەخوا پێشێلکارییەکان کەمتر دەبن بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکەش هەست بە ئارامییەکی زیاتر بکەن.