ئەنجوومەنی شوورا دوا بڕیار لەسەر خۆكاندیدكردنی محەممەد تۆفیق رەحیم دەدات
رووداو - هەولێر
لەبەر نەبوونی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆمیسیۆن نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی شوورا و پەرلەمانی كوردستان دەكات. سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆنیش رایگەیاند "ئەنجوومەنی شوورا دوا بڕیار لەسەر خۆكاندیدكردنەكەی محەممەد تۆفیق رەحیم دەدات".
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەو ماوەی دیاریكرابوو بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ كەسێك نەچووە خۆی كاندید بكات.
لەبارەی کاندیدی گۆڕان، هەندرێن محەممەد گوتی "محەممەد تۆفیق رەحیم لەماوەی دیاریكراو نەهاتووە بۆ خۆتۆماركردن، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش نووسراومان بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی شووراش كردووە تاوەكو رێگەچارەیەك بدۆزنەوە، چونكە ناكرێت هەڵبژاردنێك بكرێت كە هیچ كەسێك كاندید نەبێت".
هەر سەربارەت بەو پرسە، سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆن بە (رووداو)ی راگەیاند ئەمڕۆ دوو شەممە 9-10-2017 نوێنەرێكی كۆمیسیۆن دەچێتە ئەنجوومەنی شوورا، بڕیاریشە ئەنجوومەنی شوورا دوا بڕیار لەبارەی خۆ كاندید كردنەكەی محەممەد تۆفیق رەحیم بدات.
بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تۆمار بكات، دەبێت یەك مانگ پێش وادەی رۆژی هەڵبژاردنەكە كارەكانی خۆتۆماركردنی تەواو كردبێت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود