150 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت

 
سۆران حوسێن و نەهرۆ محەممەد
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 50 رۆژ، 150 ملیار دیناری دیکە بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا و ئەمڕۆ چەکی پارەکە وەردەگیرێت.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاری خەرجکردنی 150 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان درا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتیشی، بریکارەکانی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەغدا چەکی پارەکە وەردەگرن و لە سبەینێوە رێکارەکانی دابەشکردن دەستپێدەکەن.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد و تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو، گەنم وەرگیرا، بەڵام زیاتر لە مانگێکە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ جووتیاران خەرج نەکردووە.
 
هەر ئەمڕۆ میران محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو بڕە پارەیەی خەرج دەکرێت، 47 ملیار و 373 ملیۆن دیناری پشکی پارێزگای هەولێرە.
 
هاوکات بەرپرسێکی کارگێڕیی دهۆک بە رووداوی گوت، نوێنەریان ناردووە بۆ بەغدا بۆ وەرگرتنی چەکی پارەی بەشی پارێزگاکە.
 
ئەو بڕە پارەیەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە: پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار، سلێمانی و هەڵەبجە 467 ملیار و 841 ملیۆن و پارێزگای دهۆکیش 35 ملیار و 541 ملیار دیناریان بەردەکەوێت.
 
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ نێردراوە 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆنیشی بۆ جووتیارانی دهۆک بووە.
 
لە 21ـی تەممووزەوە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
 
بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقی پێویستە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.