راگەیێندراوی هاوبەشی تیمی حکومەتی عێراق و کوردستان: چارەسەری مووچە راگیراوەکان بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای کۆبوونەوەکەیان، تیمی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پێشکێشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەبارەی "ناردنی مووچە راگیراوەکان" بەشێکە لە دەرئەنجامەکە.
 
راگەیێندراوەکە ئەمشەوی دووشەممە، 9-9-2024، وەکو راگەیێندراوی هاوبەشی نێوان ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
 
تێیدا هاتووە، "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بە هۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "لە ماوەی دوو رۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی راشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش راسپاردە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستییان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە".
 
دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.
 
لە لایەکی دیکە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ هەولێر و بەغدا، تیمەکانی هەردوولا هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە رۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسییەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کردووە.
 
ئەوەش هاتووە، "راسپاردەیەکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری، بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی لیژنەکان بوو و لە کۆتاییدا لەسەر چەند راسپاردەیەک رێکەوتن.
 
راگەیێندراوەکە دەشڵێت، ئەنجوومەنی وەزاریی پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکان نەوت، وزە، دەروازە سنوورییەکان و گومرگ؛ لە کۆتاییدا بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری، لە شاری بەغدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە