عێراق لە حەوت مانگدا 6.5 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە

09-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024، عێراق زیاتر لە 73 تریلیۆن دینار خەرجی و 77 تریلیۆن داهاتی هەبووە. هەروەها 6 تریلیۆن و 570 ملیار دیناریشی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
لەو ماوەیەدا زیاتر لە 48 تریلیۆن دیناری عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆران بووە، 89٪ـی داهاتەکانیشی لەنەوتەوە بەدەستهاتووە.
 
زیاتر لە  6.5 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
 
بەپێی راپۆرتی دارایی خەرجی و داهاتەکانی عێراق، کە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز، حکومەتی عێراق زیاتر لە 73 تریلیۆن و 848 ملیار دینار خەرجی و 77 تریلیۆن و 475 ملیار دینار داهاتی هەبووە.
 
خەرجیی بەردەوام زیاتر لە 90٪ـی کۆی گشتی خەرجییەکان پێکدەهێنێت، خەرجیی وەبەرهێنان تەنیا 9.77٪ـی کۆی خەرجییەکان پێکدەهێنێت، لە زیاتر لە 7 تریلیۆن دینار خەرجیی وەبەرهێنان، تەنیا 1.2٪ـی بۆ کشتوکاڵ بووە.
 
زیاتر لە 48 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران بووە، هەروەها لەو حەوت مانگەدا بڕی 6 تریلیۆن و 570 ملیار و 613 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
لە خشتەی بودجەی 2024ـی عێراق، کۆی گشتیی بودجە (خەرجی)ـی هەرێمی کوردستان 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینارە.
 
لە خشتەکەدا روونکراوەتەوە، 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە؛ پێویستیی خزمەتگوزاری 2 تریلیۆن و 126 ملیار و 891 ملیۆن و 643 هەزار دینار؛ پێویستیی کاڵاکان 539 ملیار و 205 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و نۆژەن و چاککردنەوەکانیش 255 ملیار دینار و 914 ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
 
 10 پڕ خەرجترین وەزارەت و دامەزراوە و پارێزگاکانی عێراق
 
 کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق خەرجیی بەردەوام و وەبەرهێنان:
 
- خەرجیی بەردەوام:
66 تریلیۆن و 628 ملیار دینار 
90.2%
 
- خەرجیی وەبەرهێنان:
7 تریلیۆن و 220 ملیار دینار
9.77%
 
- وەزارەتی دارایی:
17 تریلیۆن و 523 ملیار دینار
 
- وەزارەتی ناوخۆ:
7 تریلیۆن و711 ملیار دینار
 
- حکومەتی هەرێمی کوردستان:
6 تریلیۆن و 570 ملیار دینار
 
- وەزارەتی پەروەردە:
6 تریلیۆن و 335 ملیار دینار
 
- ئەنجوومەنی وەزیران:
5 تریلیۆن و 718 ملیار دینار
 
- وەزارەتی بەرگری:
4 تریلیۆن و 692 ملیار دینار
 
- وەزارەتی کارەبا:
3 تریلیۆن و 914 ملیار دینار
 
- وەزارەتی تەندروستی و ژینگە:
3 تریلیۆن و 846 ملیار دینار
 
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی:
3 تریلیۆن و 733 ملیار دینار
 
- وەزارەتی نەوت:
1 تریلیۆن و 644 دینار
 
هەر بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، زۆرترین 10 خەرجی لەسەر ئاستی پارێزگاکان، ئەم پارێزگایانە کردوویانە:
 
- بەسرا:
591 ملیار دینار
 
- بەغدا:
583 ملیار دینار
 
- نەینەوا:
380 ملیار دینار 
 
- ئەنبار:
359 ملیار دینار
 
-بابل:
335 ملیار دینار 
 
-زیقار:
302 ملیار دینار
 
-کەربەلا: 
260 ملیار دینار
 
- واست:
218 ملیار دینار
 
- نەجەف:
217 ملیار دینار
 
- دیوانییە:
207 ملیار دینار
 
عێراق پارەی لە چیدا خەرجکردووە؟
 
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران زۆرترین خەرجییان بردووە، کە بەمشێوەیەیە:
 
- مووچەی فەرمانبەران:
33 تریلیۆن و 538 ملیار دینار
 
- پێداویستیی خزمەتگوزاری:
779 ملیار دینار
 
- پێداویستیی شمەک:
2 تریلیۆن و 986 ملیار دینار
 
- بەخشین و هاوکاری و سوو و خەرجییەکانی دیکە:
6 تریلیۆن و 987 ملیار دینار
 
- چاودێری کۆمەڵایەتی:
14 تریلیۆن و 711 ملیار دینار
 
- قەرز:
6 تریلیۆن و 988 ملیار دینار
 
- خەرجی وەبەرهێنان:
7 تریلیۆن و 220 ملیار دینار:
 
- کشتوکاڵ:
92 ملیار و 805 ملیۆن دینار
1.2%
 
- پیشەسازی:
1 تریلیۆن و 109 ملیار دینار
15.3%
 
- گواستنەوە و گەیاندن:
1 تریلیۆن و 528 ملیار دینار
21.1%
 
- باڵەخانە و خزمەتگوزاری:
3 تریلیۆن و 848 ملیار دینار
53.3%
 
- پەروەردە و فێرکردن:
640 ملیار و 840 ملیۆن دینار
8.8%
 
مووچە 72٪ـی خەرجی بەردەوام دەبات.
 
لە حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا مووچە بڕێکی زۆری خەرجییەکانی عێراقی پێکهێناوە، کە 48 تریلیۆن و 250 ملیار دینار، واتە 72.4%ـی کۆی خەرجییەکانی بەردەوامی عێراق لەو حەوت مانگەدا پێکدەهێنێت.
 
محەممەد نووری، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "کێشەی سەرەکیی بەردەم گەشەکردنی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک دۆسیەی دیکە، پرسی زۆریی مووچەخۆرانە، ئەگەر بەهای نەوت تووشی هەر داکشانێک ببێت، ئەوا عێراق رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و دابینکردنی مووچە ئاسان نابێت، دەبێت ئەم بابەتە رێکبخرێتەوە، دامەزراندن لە کەرتی تایبەت زیاد بکرێت، هەروەها خانەنشینی زیاتر بێت و دەستی کاری راستەقینە هەبن، واتە زۆر فەرمانبەر هەن کارێکی ئەوتۆ ناکەن و رۆژانە رادەی کارکردنیان ناگات بە دوو کاژێر و زۆر کەمتریشە".
 
نەوت؛ سەرچاوەی سەرەکیی داهات
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، داهاتەکانی عێراق 77 تریلیۆن و 475 ملیار دینار بوون، ئەوانیش:
 
- داهاتی نەوتی: 
69 تریلیۆن و 55 ملیار دینار
89.1%
 
- داهاتی نانەوتی: 
8 تریلیۆن و 157 ملیار دینار
10.7%
 
داهاتە نانەوتییەکان پێکدێن لە:
- باجی داهات و سامانەکان:
1 تریلیۆن و 584 ملیار دینار
 
- باجی شمەک و رسوماتی بەرهەم:
1 تریلیۆن و 906 ملیار دینار
 
- رسومات:
1 تریلیۆن و 69 ملیار دینار
 
- پشکی بودجە لە قازانجەکانی کەرتی گشتی:
220 ملیار دینار
 
- داهاتە ناڕاستەوخۆکانی چالاکییە ئابوورییەکان:
635 ملیار و 420 ملیۆن دینار
 
- داهاتی دیکە:
2 تریلیۆن و 886 ملیار دینار
 
 15 تریلیۆن دینار پێشینە
 
لە رێگەی بانکەکانی حکومەت، بانکەکانی کەرتی تایبەت، ژمارەیەک قەرز و پێشینە دەدرێت بۆ دروستکردنی خانوو، کڕینی خانووبەرە، کڕینی ئۆتۆمبێل، هاوسەرگیری، پڕۆژەی بچووک و گەورە و مامناوەند، قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی و هی دیکە:
 
- کۆی گشتی پێشینەکان:
15 تریلیۆن و 664 ملیار دینار
 
1- پێشینەکانی بودجەی بەردەوام:
10 تریلیۆن و 90 ملیار دینار
 
2- پێشینەکانی بودجەی وەبەرهێنان:
5 تریلیۆن و 574 ملیار دینار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە