تەرمی منداڵە بێسەروشوێنبووەکەی لوڕستان دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانی پارێزگای لوڕستان کە لە دوێنێ بەیانییەوە بێسەروشوێن ببوو، دۆزرایەوە. داواکاری گشتیی کۆیەشت دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی کراوەتەوە.
 
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 08-09-2024، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانی خەڵکی گوندی ''شوراوەی بارام بەگ''ـی سەر بە ناحیەی کوونانیی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ئارین عەبدوڵڵایی، بێسەروشوێن بوو، کاژێر 21:00ـی شەوی رابردوو بەکاتی تاران (20:30 بەکاتی هەولێر)، تەرمەکەی لەلایەن خەڵک و تیمەکانی خاچی سووری ناوچەکە، دۆزرایەوە.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکە دیار نییە. پێشتر هوشەنگ شەوکەتی، بەڕێوەبەری ناحیەی کوونانی، لەبارەی بێسەروشوێنبوونی ئارین گوتبووی، لەوکاتەوە کە هەست بە دیارنەمانی کراوە، گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
 
دەوروبەری گوندەکە قامیشەڵانێکی چڕە، بۆیە گومان دەکرا لە قامیشەڵانەکەدا گیری خواردبێت. هوشەنگ شەوکەتی ئاماژەی بەوەش کردبوو، بە هاوکاریی خەڵک و تیمەکانی خاچی سوور، بە وردی قامیشەڵانەکە دەپشکنن. 
 
دواتر ئەفشین خوسرەوی، داواکاری گشتیی شاری کۆیەشتی لوڕستان بەبێ ئاماژەدان بە هیچ شوێنێک، رایگەیاند تەرمی منداڵەکە دۆزرایەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە چۆنیێتیی رووداوەکە و هۆکاری گیانلەدەستدانی کراوەتەوە.
 
گیانلەدەستدانی ئارین عەبدوڵڵایی لەکاتێکدایە 8ـی ئاب، منداڵێکی دیکەی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی ئاینوور، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری ئەلیگودەرزی پارێزگاکە بێسەروشوێن بوو، 13 ئاب تەرمەکەی لە چاڵێکی پاشەڕۆدا دۆزرایەوە.
 
پەیوەست بە دۆسیەی ئاینووریش ژنێکی دراوسێیان دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا، کە ''دوای خنکاندنی'' گوارە زێڕەکانی دزیوە، سەرەتا تەرمەکەی لە کادانێکـدا شاردووەتەوە، دوای دوو رۆژ خستوویەتە نێو چاڵێکەوە.