لە کۆبوونەوەکانی هەولێرەوە؛ بەشێک لە قسەکانی تەیف سامی لەبارەی مووچە

رووداو دیجیتاڵ
 
هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دۆسییەکانی مووچە، خانەنشینان، خاوەنپێداویستیی تایبەت، پیشەسازی، دەروازە سنوورییەکان و وەبەرهێنان کرا. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو کە لیژنە بۆ هەموو دۆسییەکان دروستکرا.
 
لەبارەی مووچەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دوو داواکاری هەبووە. یەکەم، گوتوویەتی "لەمەودوا کە لیستتان نارد، با وەک لیستی مووچەی مانگی حەوت بێت؛ کە ئێمە مووچەی مانگی هەشتمان لەسەر بنەمای ئەو لیستە خەرجکرد؛ چونکە ئەو لیستەمان پاکتاو کردووە و گوتوویەتی، بە هیچ شێوەیەک لیستێک قبووڵ ناکەین کە ناوی زیادەی تێدابێت، کەمی هەبێت قەینا بەڵام زیاد نەبێت".
 
رووداو زانیویەتی، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، ئەوان هێشتا تێبینیان لەسەر لیستی مووچە هەیە؛ چونکە هێشتا ناوی چواری دووبارەی تێدایە. هەندێک ناوی دیکە بایۆمەتری نەکردووە؛ فەرمانبەر هەیە لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە؛ بۆیە دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکەن. 
 
سەبارەت بە کێشەی مووچەی مانگی حەوت و هەشت، رووداو زانیویەتی، کە وەزیری دارایی عێراق بە گوتوویەتی، ئەوان پارەی مووچەی مانگی هەشتیان ناردووە و لێرە مووچەی مانگی حەوتی پێ دابەشکراوە، بەڵام دڵنیایشی داوە ئەو لێبڕینانەی کە کراوە هیی مانگەکانی دوو تاوەکو شەش بووە نەفەوتاوە و لەبەغدایە، هەرکات کێشەکان چارەسەرکران دەخرێنەوە سەر پارەی مووچە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر ئەوە کراوە کە دەبێت بە گوێرەی بڕیاری 212ی ساڵی 2022ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچەی خانەنشینان بدرێت. ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی بۆ هاوتاکردن دەنێردرێت کەم بوو، بەگوێرەی ئەو بڕیارە، دەسەڵات دەداتە سەرۆکوەزیران گواستنەوە بە پارە بکات لە بودجەی وەبەرهێنان تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ بکرێتەوە. پارەی هاوتاکردنەکەی پێ دابین بکرێت، هێشتا یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بەتەواوی جێبەجێنەکراوە و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، هیچ رێنماییەکی بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەرنەکردووە.
 
سەبارەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، رووداو زانیویەتی کە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری کاری عێراق داوای کردووە، مووچەی خاوەن پێداویستییەکان هاوتای عێراق بکرێت. ئەم بابەتە بە نووسراو دراوەتە لیژنەی دارایی؛ چونکە دەبێ وەزیری دارایی بڕیاری لەبارەوە بدات کە دەکرێت یان نا.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 88 هەزار کەس لە تۆڕی چاودێری کۆمەلایەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەم بابەتەشی باسکردووە و گوتوویەتی، 10 ساڵە پارەی ئەو توێژە بڕاوە، "بۆیە داوا دەکەین پارەیان بۆ ببڕدرێتەوە". بەهەمانشێوە، ئەمەش دراوە بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی؛ بەڵام دیار نییە بڕیاری چی لەبارەیەوە دەدرێت و چۆن دەبێت.
 
لە بابەتی پیشەسازیشدا، قسەی لێکراوە و هەندێک لێکتێگەیشتن هەبووە لەسەر ئەو رێگرییانەی کە لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبارەی ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام ئەوەیش بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.
 
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانیش گفتوگۆ کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک؛ بەتایبەت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەروازەکان.
 
کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو دوو رۆژ بەردەوام ببێت کە دوێنێ و ئەمڕۆ بوون؛ بەم پێیە بێت، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی کۆبوونەوەکانە. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیش، کۆبوونەوەی لیژنەکان دەبێت و لە کۆتاییدا لەسەر راسپاردەی لیژنەکان پەسند دەکرێت.