سەرۆک بارزانی بۆ شاندەکەی بەغدا: ناکرێت خەبات و قوربانیدانی کوردستان لە مووچەدا بچووکبکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی کرد و بە شاندەکەی گوتووە، ناكرێت "هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت."
 
رۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی كرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێکەوە کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی ئەوەی بە شاندەکە گوتووە، "لەدوای ساڵی 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا."
 
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات كردووەتەوە، خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی، "ناكرێت لەبری رێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت."
 
شاندی میوان، وەکو لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا خراوەتەڕوو، "جەختیان لەوە كردەوە، چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان."
 
سەرۆك بارزانی لەو کۆبوونەوەدا جەختی لەوەش كردووەتەوە، "باشترین رێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكومەتی عێراقی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانە." ئاماژەشی بەوە داوە، "بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری رێككەوتوون."
 
هاوکات سەرۆك بارزانی گوتووشیەتی، بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و رێككەوتنە سیاسییەكان، پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.
 
شاندەکەی حکومەتی عێراق پێكهاتبوو لە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری؛ محەممەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق؛ حەمید نەعیم غزی، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق؛ عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە، پلاندانان، دارایی، نەوت، بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان، كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق.
 
لەو دیدارەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون، كە پێكهاتبوون لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دارایی، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.