شاندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن؛ مووچە یەکێکیانە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، یەکێکیان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەو سەرچاوەی نێو کۆبوونەوەکە بە پەیامنێری رووداوی داوە، هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
 
- چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگی 8، بڕیارە سبەی تاوەکو کۆتایی هەفتە لیستی مووچەی مانگی ئاب رەوانەی بەغدا بکرێت و بەغداش لەسەر هەمان لیستی تەدقیقکراوی مانگی 7 مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.
 
- لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت بۆ لابردنی بازگە گومرگییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لابردنی هەموو بازگەکان بکرێت.
 
- دوای تێگەشتنی هەردوولا لەسەر بابەتی باجی کۆمپانیاکان بڕیاردا کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تەنها باج بە یەک حکوومەت بدەن، تۆمارکردنی ناویان لە هەر حکومەتێک تۆمار بکرێت بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئیدی نابێت دوو باج بۆ دوو حکومەت بمێنێت.
 
- کێشەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و مۆڵەت چارەسەر بکرێت، بڕیاریش درا هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغداد.