گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر: لە سبەیەوە نرخی گواستنەوەی پاس دەبێتە 500 دینار

هەولێر دیجیتاڵ

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "سبەی نرخی پاس لە نێو شاری هەولێر، لە 750 دینارەوە دەبێتە 500 دینار."
 
سەید زەکەریا عەزیز، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەولێر، لەگەڵ بەرپرسی هەموو هێڵەکانی گواستنەوەی نێو شار کۆبووینەوە. نرخی ئەو هێڵانەی لەنێو شارن لە 750 دینارەوە کردمانە 500 دینار. بڕیارەکە لە سبەیەوە جێبەجێ دەکرێت."
 
چەندین جار نرخی پاسەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لە کۆتایی ساڵی 2022ـوەوە هێڵەکانی گواستنەوە نرخەکانیان لە 500 دینارەوە بەرزکردەوە بۆ 750 دینار؛ هەندێکیشیان کردبوویانە 1000 دینار.
 
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "ئەم بڕیارە تەنیا بۆ شاری هەولێرە و پەیوەندی بە شارەکانی دیکەوە نییە. هەروەها هەموو هێڵەکانی پارێزگاکە ناگرێتەوە."
 
سەید زەکەریا عەزیز روونیکردەوە، "لە ناوەندی شارەوە، هێڵەکانی 30 مەتری، 60 مەتری، 100 مەتری تاوەکو سنووری بازنەیی شەقامی 150 مەتری دەگرێتەوە. بەڵام دەرەوەی بازنەی 150 مەتری ناگرێتەوە بۆ نموونە بەحرکە و قوشتەپە و کەورگۆسکن. هاوکات هەموو گەڕەکەکانیش دەگرێتەوە."
 
لەبارەی هاوکاریکردنی شۆفێرانەوە سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەیدا "خەریکین نرخی بەنزین و گاز بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو خەڵک داببەزێنین. هاوکات دەشمانەوێت کۆبۆن بۆ پاسەکان دابین بکەین و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و سەندیکا پێکەوە لە هەوڵداین. پارێزگاری هەولێر و وەزارەتیش هاتوونەتە سەر هێڵ."